ئیداره‌ی كه‌ركووك داوا له ‌دانیشتوانی سێ گوندی كوردنشین ده‌كات خانووه‌كانیان چۆڵ بکەن

 	 ئیداره‌ی كه‌ركووك داوا له ‌دانیشتوانی سێ گوندی كوردنشین ده‌كات خانووه‌كانیان چۆڵ بکەن
به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له ‌كه‌ركووك ئاشكرای كرد، پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌ و له‌ نوێترین بڕیاردا ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركووك به ‌بیانووی زیاده‌ڕۆیی داوای له‌ كوردانی سێ گوند كردووه‌، خانووه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ده‌یانڕووخێنن و ڕێگه‌ش به‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ده‌ن نه‌ك خانووی كۆن، خانووی نوێش دروست بكه‌ن و هاوكاریشیان ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش پلانێكی دیكه‌ی حكوومه‌تی عێراقه‌ بۆ ته‌عریب .



له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە پرۆسه‌ی ته‌عریب له ‌سنووری كه‌ركووك ده‌ستی پێ كردووه‌ و به‌رده‌وام عه‌ره‌ب هاورده‌ی ناوچه ‌كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ن و كورده‌كانیش له‌ گونده‌كان ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نفووزی عه‌ره‌ب له ‌ناوچه‌كه‌ زیاد بێت و كوردیش كه‌م بكات.



عه‌دنان كه‌ركووكی، گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ركووك_ گه‌رمیان، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دۆخی كه‌ركووك زۆر خراپه‌ و پرۆسه‌ی ته‌عریبیش به‌رده‌وامه‌ و ئێستا ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركووك داوای له‌ كوردانی گونده‌كانی چۆكلیجه‌ و هه‌نجیره‌ و باجوانه‌، كه‌ لەسەر ڕێگای دوبز بۆ كه‌ركووكن،‌ خانووه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و خاپووری ده‌كه‌ن، به ‌بیانووی زیادەڕۆییه‌ و مڵكی كۆمپانیای نه‌وتی باكووره‌، له‌كاتێكدا له‌ هه‌مان شوێن نه‌ك خانووی عه‌ره‌ب تێك ناده‌ن، بگره‌ خانووی نوێش دروست ده‌كه‌ن."



عه‌دنان كه‌ركوكی گوتیشی: "ئه‌مه‌ پلانێكی حكوومه‌تی عێراقە بۆ ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژەی كورد له‌ كه‌ركووك."



كه‌ركووكی ئه‌وه‌یشی گوت،: "كاتی خۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی هه‌ندێك خانووی بۆ هه‌ردوو گوندی چۆكلیجه‌ و هه‌نجیره‌ دروست كرد، ئێستاش ئه‌وانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ زیادەڕۆییه‌ و مڵكی كۆمپانیایی نه‌وتی باكووره‌، به‌ڵام ڕاست ناكه‌ن و بۆ ئه‌وه‌یانه‌ كورد كه‌ركووك چۆڵ بكات، ئه‌گه‌رنا بۆ عه‌ره‌ب خانوو دروست ده‌كه‌ن، نه‌ك ڕێگرییان لێ ناكه‌ن، هاوكاریشیان ده‌كه‌ن."
kdp-
Top