چەند ماددەیەكی دیكەی پڕۆژەى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پەسند كران
سەعات ١١ى پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٨/٧/١٠، پەرلەمانى كوردستان بە سەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٥)ى ئاساییی خولی بەهارە، ساڵی پێنجەمی خولی هەڵبژاردنى چوارەمى بەڕێوە برد.
سەرەتا جێگرى سەرۆكی پەرلەمان، بەرنامەى كارى دانیشتنەكەى خوێندەوە كە لە سێ خاڵ پێك هاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز، ڕابوون تۆفیق مەعروف لە ئەندامییەتیی پەرلەمان بە پێی خاڵی ١/ بڕگەى ب/ ماددەی ٣٠ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو، كە بە نووسراوی فەرمی پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كردووە. خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەى یەكەمی پڕۆژەیاساكانی (هەموارى سێیەمی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە (٨٧)ى ساڵی ١٩٧٩ى هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق، هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم)، بە پێی مادەی (٧١)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو. خاڵی سێیەم و كۆتاییی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، كە لە لایەن لیژنەی كاتى بۆ پێداچوونەوەى پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە كراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە (٢٦)ى ساڵی ٢٠١٤ و بڕگەی (٨)ی ماددەى (پەنجاو شەشەم)ى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو و پاڵپشت بە ماددەى (٩٤)ى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو.
پاشان لە لایەن خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانەوە، پوختەى كۆنووسی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان خوێندرایەوە، هەروەها ناوى ئەو ئەندامانەى پەرلەمانیش خوێندرایەوە كە لە دانیشتنی پێشوودا مۆڵەتیان وەرگرتبوو، یان ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و ناوى ئەو ئەندامانەیشی كە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ مۆڵەتیان وەرگرتبوو، خوێندرایەوە.
بە پێی خاڵی یەكەمی بەرنامەى كارى دانیشتنەكە لە لایەن جێگرى سەرۆكی پەرلەمانەوە دەقی داواكاریی دەستلەكاركێشانەوەكەى پەرلەمانتار، ڕابوون مەعروف لە ئەندامییەتیی پەرلەمان خوێندرایەوە و خرایە دەنگدانەوە و بەكۆی دەنگ پەسند كرا.
بە پێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش لە لایەن لیژنەی كاروبارى یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكانی (هەموارى سێیەمی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە (٨٧)ى ساڵی ١٩٧٩ى هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق، هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم) كران و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان و ئەندامانی پەرلەمان كران بۆ ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكانی و بە هۆی گرنگیی پڕۆژەیاساكانیشەوە پێشنیاز كرا كە سیفەی ئیستیعجالیان پێ بدرێت و دوای خستنە دەنگدانیانەوە بە جیا پێشنیازەكە پەسند كرا.
سەبارەت بە خاڵی سێیەم و كۆتاییی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، كە لە دانیشتنەكانی پێشووى پەرلەماندا چەندین ماددە لە پەیڕەوەكە دوای گفتوگۆگردنى لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پەسند كراون و لە دانیشتنی ئەمڕۆشدا بەشی حەفتەمی پڕۆژەی پەیڕەوەكە كە تایبەت بوو بە چاودێریكردن و پرسیاركردن و مەرجەكانی پرسیارى نووسراو و پرسیارى زارەكی و چۆنیەتیی خستنە ڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ و پرساندن، كە لە دانیشتنی پێشوودا لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە گفتوگۆ لەسەر ماددە و بڕگەگانى كران و چەندین پێشنیاز و سەرنج و تێبینیی لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە خرانە ڕوو و دوای سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان لە لایەن لیژنەی كاتى بۆ پێداچوونەوەى پەیڕەو و لێكدانی هەندێ ماددە و لابردنی چەند ماددەیەك بە دەنگدان، ١٢ ماددەی دیكەى پڕۆژەی پەیڕەوى ناوخۆی پەرلەمان پەسند كران.
kdp-
