پۆلیسی ھەولێر کەسێک دوای ئەنجامدانی سێ تاوانی دزی دەستگیر دەکات

 پۆلیسی ھەولێر کەسێک دوای ئەنجامدانی سێ تاوانی دزی دەستگیر دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە کەسێکیان دوای ئەنجامدانی سێ تاوانی دزی دەستگیر کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10/7/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕاید ئومێد عارەب عەبدوڵا، ئەفسەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی باکوور بە پۆلیسی ھەولێری ڕاگەیاندووە: "دوای ئەوەی چەندین سکاڵا تۆمار کرا سەبارەت بە شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی کەلوپەلی نێو ئۆتۆمبێلەکان، دەستبەجێ دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و لە بۆسەیەکدا دەستگیری بکەین".

باس لەوەش کراوە، کە تۆمەتبار ناوی (ئـ، ا، ح)ە و تەمەن 31 ساڵە، دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا نا، کە جامی ئۆتۆمبێلی شکاندبوو و کەلوپەلی نێو ئۆتۆمبێلەکانی دزی بوو، کەلوپەلی دزراو بریتی بوون لە: بڕێکی زۆر پارە و مۆبایل.

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە، کە لە بەرانبەر دادگای ھەولێر دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کرایەوە، دادوەر بڕیاری داوە بە بەندکردنی تۆمەتبار بە پێی مادە 446 لە یاسای سزادان.









باسنيوز
Top