جارێکی دیکە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە

جارێکی دیکە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە
بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی هاوین، جارێکی دیکە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی دووشەممەوە پلەی گەرما رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و دوو پلە بەرزبووەتەوە. لە رۆژی سێشەممەشەوە "یەک بۆ دوو" پلەی دیکە بەرزدەبێتەوە، بەڵام رۆژی هەینی جارێکی دیکە پلەی گەرما نزمدەبێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوەکەی کەشناسی، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرما لەنێوان 42 بۆ 45 دەبێت. لە سنووری کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان لە سەرووی 45 بۆ 47 پلە دەبێت .

ئەژی چەتۆ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەو بەرزبوونەوە مەترسیدار نییە بەڵام باشترە هاونیشتمانییان چەند رێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ خۆپاراستن لە گەرما.

گوتیشی "تاوەکو دەکرێت کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 4:00ی ئێوارە لە ماڵ نەچنەدەرەوە، ئاو زۆربخۆنەوە، ئەو جلوبەرگانە بپۆشن، کە کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەری تیشکی خۆر دەبێت".
rudaw -
Top