سەرۆک بارزانی: پێویستە ھاوپەیمانێتییەکی ھەمەلایەنە لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و ھاوسەنگی دروست بکرێت

سەرۆک بارزانی: پێویستە ھاوپەیمانێتییەکی ھەمەلایەنە لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و ھاوسەنگی دروست بکرێت
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد و لە دیدارکەدا سەرۆک بارزانی رایگەیاد، لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی ھەڵەکانی ڕابردوو و گەییشتن بە شەراکەتی ڕاستەقینە پێویستە ھاوپەیمانێتییەکی ھەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و ھاوسەنگی بە ھەموو وردەکارییەکانییەوە دروست بکرێت و میکانیزم و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دابنرێت بۆ ئەوەی ھەموو پێکھاتەکان ھەست بەوە بکەن کە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریکن و ھەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەیشدا حکوومەت پێکبھێنرێت.



ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە بڕێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکھاتبوو لە دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و کین گرووس کونسوڵی ئەمەریکا لە ھەولێر.



لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ھەروەھا بارودۆخی سووریا و نیگەرانییەکان لەبارەی ئاییندەی گەلی کورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ کرا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش سیاسەتی وڵاتەکەی لەمەڕ گۆڕانکارییە ھەرێمایەتی و دەولییەکان و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی سووریا خستەڕوو.



بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای ھەڵبژاردن و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو و تێیدا سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی ھەڵەکانی ڕابردوو و گەییشتن بە شەراکەتی ڕاستەقینە پێویستە ھاوپەیمانێتییەکی ھەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و ھاوسەنگی بە ھەموو وردەکارییەکانییەوە دروست بکرێت و میکانیزم و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دابنرێت بۆ ئەوەی ھەموو پێکھاتەکان ھەست بەوە بکەن کە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریکن و ھەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەیشدا حکوومەت پێکبھێنرێت.



لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەوەیشی خستەڕوو کە دەرفەتی زۆر بۆ کاری ھاوبەش ھەیە لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیری و متمانە.




payamner -
Top