سلێمانی.. پارتی لە پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست کشایەوە
رزگار ئەژی گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنە رايگەیاند، پرۆسەکە ناشەفافە و رێگا نادرێ ـجاودێری لایەنەکان ژمارەی قوفلی سەر سندووقەکان ببینن، تا دڵنیا بن لەوەی ئەو سندووقە بڕیاری دووبارە ژماردنەوەی بەدەست، دراوە.
رزگار ئەژی گۆران بە ئاماژەکردن بەوەی هەموو لایەنەکان بۆچوونیان لەبارەی پرۆسەکەوە هەیە، رایگەیاند، پێویستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست ”بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە ببات“.
ئەو سەرکردەیەی پارتی لە سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حزبەکەی لە چاودێریکردنی پرۆسەکە کشاوەتەوە، چونکە ”ناعەدالەتییەکی زۆر بەرامبەر بە ئێمە کراوە“.
رۆژی دووشەممە 9/7/2018، پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە چەند سندووقێکی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی دەستی پێ کرد.
رۆژی 12/5/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردساتان و عێراق ئەنجام درا. هەرچەندە تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەو لایەنانەی بەپێی ئەنجامە بڵاو کراوەکان دەرنەچوون، پێیان وایە لە هەڵبژاردن و پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەیەکی تۆماتیکی، ساختەکاری کراوە بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و ئەنبار و داوای ژماردنەوەی دەنگەکانیان بەدەست، کرد.
باسنيوز
