سەرۆك بارزانی: پێویستە هاوپەیمانێتییەكی هەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی دروست بکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 9\7\2018، لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی، لەگەڵ بڕێت مەكگورك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری، كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرووس كونسوڵی ئەمەریكا، لە هەولێر کۆبوویەوە.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە، هەروەها بارودۆخی سووریا و نیگەرانییەكان لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سیاسەتی وڵاتەكەی لەمەڕ گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و دەولییەكان و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی سووریا خستەڕوو.
بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو، تێدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی هەڵەكانی ڕابردوو و گەییشتن بە شەراكەتی ڕاستەقینە، پێویستە هاوپەیمانێتییەكی هەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە دروست بكرێت، میكانیزم و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دابنرێت بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان هەست بەوە بكەن كە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریكن و هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەیشدا حكوومەت پێكبهێنرێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە دەرفەتی زۆر بۆ كاری هاوبەش هەیە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و متمانە.
باسنيوز
