چەمچەماڵ.. چوار کەس بە تۆمەتی تەقەکردن لە پۆلیس دەستگیر کران
ئاسۆ عومەر، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رايگەیاند: "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بە فەرمانی دادوەر هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی قەزای چەمچەماڵ بە مەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبارێک بەناوی (س، ل، أ)، ئەرکی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام تۆمەتبار ئامادە نابێت خۆی ڕادەست بكات و بە هاوكاری سێ كەسیتر تەقە لە هێزەكان دەكات و بەو هۆیەوە 2 كارمەندی پۆلیس و 5 كارمەندی ئاسایش بریندار بوون" .
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو: "پاش ماوەیەكی كورت لە ڕووداوەكە و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش توانیان تۆمەتباری سەرەكی و 3 تۆمەتباری دیکەش بەپێی ماددەی 406-31 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر بكەن ".
گوتیشی: "ئێستاش بریندارانی ڕووداوەكە لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن، باری تەندروستییان جێگیرە و لەلایەن بەشی پۆلیسی چەمچەماڵەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەی ورد بەردەوامە" .
باسنيوز
