نەوزاد ھادی: بیرەکانی ھەولێر دادەخه‌ین و کۆتایی بە کێشەی کەم ئاوی دەھێنین

 	 نەوزاد ھادی: بیرەکانی ھەولێر دادەخه‌ین و کۆتایی بە کێشەی کەم ئاوی دەھێنین
پارێزگاری ھەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو خواستی زۆر لەسەر ئاو و بەفیرۆدانی، ھۆکارە بۆ کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژەی بەوەشدا، کێشەی کەم ئاوی لە ھەولێر نامێنێت.

نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کەمبوونەوەی ئاو و ھۆکارەکانی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر کۆبووینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە ھەندێ گەڕەکی ھەولێر و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز، ئەمەش لەسەر بڕیاری راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بووە کە بریاریداوە ئەو شوێنانەی کە تووشی کەم ئاوی بوونە چارەسەر بکرێت و کێشەی کەم ئاوی لە ھەولێر نامێنێت".

پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد: "کەمتر لە دوو مانگی تر کێشەکانی ئاو چارەسەر دەکرێن، بە تایبەت لەو شوێنانەی باخچەی زیادەڕۆ دروست کراون لە بەردەمی ماڵی خۆیان، یان دەبێ بە تانکەر ئاو بدەن یان ڕێكاری یاساییان له‌به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر".

گوتیشی: "ھەموو بیرەکانی ھەولێر دادەخرین و بە کۆتاییھاتنی ھێڵی چوارەمی ئیفراز کۆتایی بە کێشەی کەم ئاوی لەھەولێر دەھێندرێ".

پارێزگاری ھەولێر ڕاشیگەیاند: "یەکێکیتر لە کێشەکانی کەم ئاوی بۆ کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا دەگێرینەوە، بۆ ئەم مەبەستە بڕە گازوایلێکمان تەرخان کرد بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارکردنی بیرەکان، بەمەش ئەو سولفەیەی ئێستا بڕیاری لەسەر دراوە، ملیارێک تا دوو ملیار دینار دەبێت و تیمەکان ئیشی لەسەر دەکەن".


kdp-
Top