پلان دانراوە نزیكەی ٨٠٠ مێگاوات كارەبا زیاد بكرێت
ساڵانە بە ھۆی ھاتنی وەرزی ھاوینەوە، خواستی ھاووڵاتیان بۆ كارەبا زۆر زیاد دەكات، ئەمەیش وا دەكات كە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا كەم بكات و خەڵكیش گلەیی لە كەمیی كارەبا دەكات، بەڵام بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای ھەرێمی كوردستان، ئومێد ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ چارەكردنی كێشەی كەمیی كارەبا، پلان دانراوە بۆ زیادكردنی كارەبا و بەپێی پلانەكەیش نزیكەی ٨٠٠ مێگاوات كارەبا زیاد دەكرێت".
ئەحمەد گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای دانەغازەوە لە ھەوڵی ئەوەدایە كێشەی كەمیی كارەبا چارە بكات و پلانێكیشی داناوە كە لەم مانگەدا دەستی پێدەكرێت، لە قۆناغی یەكەمیشدا نزیكەی ٨٠٠ مێگاوات دەبێت، زیاد دەبێت".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، لەم مانگەدا بە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا، رۆژانە ١٢ سەعات كارەبا دەدرێت، چونكە خۆمان ٢ هەزار و ٧٠٠ مێگاواتمان ھەیە و خواست بۆ پێنج ھەزار مێگاوات بەرز بووەتەوە، بۆیە ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوكاریی ئێمە بكەن، كارەبای زیاتر دابین دەكرێت".
kdp-
