"پارتی پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكات"
بە پێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بە بایەخەوە باسكردن بووە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و، بە پێویست زانراوە ئەو ھەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ھاوكات باسی ئامادەكاری و میكانیزم و ھەنگاوی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەكە كراوە و بڕیاریشی لەبارەوە وەرگیراوە.
عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆكایەتیی حكوومەت كاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كردووە و كۆمسیۆنیش ئامادەكاریی كردووە، هەروەها قۆناغی ھاوپەیمانەتی تەواو بووە و ئێستا كار دەكرێت بۆ وەرگرتنی ناوی كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان و، تا ئێستایش ھیچ ئاماژەك نییە ئەو ھەڵبژاردنە دوا بخرێت".
حوسێن گوتیشی: "ڕەنگە لە كۆبوونەوەكاندا ھەندێك لایەن پێیان خۆش بووبێت ئەو ھەڵبژاردنە دوا بخرێت، بەڵام پارتی پێداگری دەكات ئەو ھەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و، ئێمەیش ھیچی فەرمیمان بۆ دواخستنی پرۆسەكە بە دەست نەگەیەشتووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئەوەیشی خستە ڕوو: "ھەندێك لایەن لە كۆبوونەوەی لایەنەكان و لە پەرلەمانیش داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچی فەرمی نییە و ھەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت."
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەرێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە.
kdp-
