كریستانەكان دەڵێن حەشد دەنگیان ساختە كردووین

كریستانەكان دەڵێن حەشد دەنگیان ساختە كردووین
بڕیارە لە ڕۆژانی دابێ دەستەی دادوەران دەست بە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بكەن. وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی كلدانی ئاشووریش ڕوونی كردەوە، دەنگی كریستیانەكان لە لایەن حەشدی شەعبییەوە ساختە كراون.



وەحیدە یاقوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتا بڕیار بوو ژماردنەوەی دەنگەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەنگی پێكھاتەكان نەگرێتەوە، بەڵام دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق و پەسەندكردنی لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، دیارە ھەموو دەنگەكان ١٠٠% بە دەست ھەژمار دەكرێن ئەوانەی سكاڵایان لەسەرە، لەبەر ئەوەش چاوەڕوانین دەنگەكانی ئێمەش وەك پێكھاتەی كلد و ئاشوور و سریانی بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، بەڵام ئەوە چۆن و كەی دەكرێت، زانیاریمان لا نییە".



هەر لەو بارەیەوە، لارا زارا، بەڕێوەبەری شارەدێی ئەلقۆش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا كە پێشمەرگەیان تێدایە، بە ھیچ شێوەیەك ساختەكاری نەكراوە، بەڵام ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكاندان، ساختەكاری و پێشێلكاری ڕووی داوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئێمە ناچینە ئەو ناوچانە، نازانین قەبارەی پێشێلكارییەكان چەندە".



لە پەرلەمانی عێراق، پێنج كورسیی كۆتا بۆ پێكھاتەی كریستیانەكان دیاری كراوە و، بە پێی دواین ئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوو، دوو كورسیی ئەو كریستیانانەی سەر بە حەشدی شەعبین، بردراون و سێ كورسیی دیكەش بۆ كریستیانەكانی دیكە ماونەتەوە. ئەو نوێنەرەی كریستیانەكان باوەڕی وایە: "لە ڕێگەی ڕەیان كلدانییەوە ژمارەیەكی بەرچاوی دەنگی ساختە بۆ كاندیدە دەرچووەكانی كریستیانەكان چووە، بە تایبەتی لە دەشتی نەینەوا و بەغدا و كەركووك، ئەگەرنا ئەو جەماعەتەی سەر بە حەشدن، بایی ئەوەندە خەڵكیان لەگەڵدا نییە تا دوو كورسی بەرن".



لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، بە ھۆی دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە، لە كاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ساختەكاری زۆر ئەنجام دراوە و چەندین پێشێلكاری لە لایەن ئەو ھێزانەوە تۆمار كران بەرامبەر بە دەنگدەران و پێكھاتەكانی ناوچەكە، یاقوو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ڕاستە پێشێلكاریی زۆر لە لایەن حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكانەوە ئەنجام دراون، لەبەر ئەوەش، ئەگەر دەنگی ئەو سندووقانەی تانەیان لێ دراوە بە دەست ھەژمار بكرێن، ئەوە دەنگی ئێمە وەك ئەنجومەن و ھەندێ لایەنی دیكەی كریستیان زیاد دەبێت، بەڵام ڕێژەی زیادبوونەكە چەندە، ناتوانم بیخەمڵێنم".



لارا زارا ئەوەیشی ئاشكرا كرد: "ڕێگری لە كریستیانەكان كراوە لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردندا و، نوێنەری قەوارە سیاسییەكان چەندین سكاڵایان تۆمار كردووە."



لەبارەی چاودێریكردنی پڕۆسەی بە دەست ژماردنەوەی دەنگەكانەوە، وەحیدە یاقوو ڕوونی كردەوە: "لایەنە كریستیانەكان چاودێریان ئامادە كردووە و بەوردی چاودێریی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان دەكەن، چونكە مادام گومانمان لەسەرە، پێویستمان بە چاودێریكردنیش ھەیە، تا وەكوو خۆیان بژمێردرێن".
kdp-
Top