"فەرەنسا گوشاری هەبوو بۆ ئەوەی ئەورووپا بڕیاری هەڵوەشانەوی حەشدی شەعبی بدات"

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا پڕۆژەبڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای ھەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات و نوێنەری ھەرێمی کوردستانیش لە فەرەنسا دەڵێ، پاریس ڕۆڵی ھەبووە لە دەرکردنی پڕۆژەبڕیارەکە و دەمێکە داوای ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردووە.



گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە بە پێی ھەندێ ئامار نزیکەی ٧٠ گرووپ و تاقم دەبن و ژمارەی سەد ھەزار کەسێک دەبێت لەسەر بنەمای مەزھەبی فەرمانێکی عەلی سیستانی گەورەمەرجەعی شیعە دامەزراون، بەڵام وڵاتانی زلھێزی جیھان ڕژدن لەسەر ئەوەی نابێ ئەو ھێزانە بمێنن و پێویستە چەک بکرێن. وەک نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕوونی کردەوە پاریس دژی ھەبوونی ئەو میلیشیانەی حەشدە.



لەوبارەیەوە عەلی دۆڵەمەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لە سەرەتاوە فەرەنسا داوای ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردووە، چونکە ئەرکی گرووپەکانی حەشدی شەعبی تەواو بووە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، سەرۆکوەزیران ماکرۆن لە چوارچێوەی پرێسکۆنفرانسەکەی لەگەل نێچیرڤان بارزانی بە ڕاشکاوی گوتی، کە دەبێت ھەموو ھێزە ملیشیاکان ھەڵبوەشێنەوە بە حەشدی شەعبیەوە."



پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی دەستوور پڕۆژەیاسای بەفەرمیکردنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکردووە و ساڵانە پارەیەکی زۆر بۆ ئەو ھێزانە تەرخان کراوە لە نێو بودجەی گشتیی عێراقدا. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی ئەورووپاوە لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "ئەورووپا لەگەل ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە و لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانێت میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێنەوە، ھەر ئەوەش وای کرد یەکێک لە خاڵەکانی نێو پڕۆژەبڕیارەکە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبیە."



لەبارەی ڕۆڵ و کاریگەریی فەرەنسا لەسەر دەرکردنی بڕیاری پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دۆڵەمەری دەڵێت: "ئێستا فەرەنسا بە ھاوبەشیی ئەڵمانیا سەرکردایەتیی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، لەبەر ئەوەش، ھیچ بڕیارێک بەبێ فەرەنسا نادرێت لە یەکێتیی ئەورووپا، بێگومان پاریس ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە دەرکردنی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و ئەو ھێزانە بە میلیشیا دەزانێت."



حەشدی شەعبی لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانەوە تۆمەتبارن بە کوشتن و ڕفاندن و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و چەندین پێشێلکارییان بەرامبەر بە پێکھاتەکانی عێراق ئەنجام داوە.

kdp-
Top