لە سێ ڕۆژدا لە سۆران 19 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە
رائید بەیار باڵەكی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕايگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی بێباكی هەندێك لە هاووڵاتییان ڕۆژانە ڕووداوی ئاگركەتنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، واتە هەر چوار قەزاكانی (سۆران، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر) دەكەوێتەوە و بەهۆیەوە ڕووبەرێكی زۆری پووش و پاوان و دارستان سووتاون و زیانێكی زۆر بەر ژینگە كەوتووە، لە هەمانكاتیشدا بەو گەرمایە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ئاگرانە لەسەر ژیانی كارمەندانمان و هاووڵاتییان ئەستەم و مەترسیدار دەبێت".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد، تەنیا لە ماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 19 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە سنوورەكەمان ڕوویان داوە و لەوانە 17 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە پووش و پاوان، هەروەها 2 ڕووداوی ئاگركەتنەوە لە زبڵ و پاشماوەكانی شارەوانی، دوای هەوڵی بەردەوام تواندراوە كۆنتڕۆل لەسەر ئەم ئاگرانە بكرێت".
داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کردووە لە كاتی چوونیان بۆ دەوروبەری شار و شارۆچكە و گوندەكانی دەڤەری سۆران، لە كاتی كردنەوەی ئاگر لە دوای خۆیان بیکوژێنەوە، هەروەها جگەرە فڕێ نەدەنە سەر زەووی و ناو پووش و پاوان، چونكە دواجار زیانی زۆر و سووتانی پووش و پاوانی لێ دەكەوێتەوە.
باسنيوز
