یەکێتی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان هاتە دەنگ

 یەکێتی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان هاتە دەنگ
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەکات و نایشارێتەوە کە کەسانێکی خەباتکار لەنێو گۆڕان دان و مەعقوول نییە جێگەکانیان بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک چۆڵ بکەن“.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "زۆر جار بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنی دیکەش، ئێمە بە حزبی بنەماڵەیی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ھەموو حزبێکی سیاسی بەشی خۆی کێشەی ھەیە“. بە گوتەی ئەو، یەکێتی یەکێکە لەو حزبانەی کێشەی ناوخۆیی ھەبووە و ”ھیچ حزبێکیش ھێندەی یەکێتی بەرگەی کێشەی ناوخۆی نەگرتووە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”هەر کاتێک کێشەمان ھەبووبێت، کەسانی وەک نەوشیروان مستەفا و بەرھەم ساڵح لە یەکێتی دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام جەماوەرەکەمان لێمان دوور نەکەوتووەتەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی باس لەوە دەکات کە کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان و بە بنەماڵەبوونی بزووتنەوەکە پەیوەندی بەوەوە نییە، بەڵام ”ئەوانەی لەناو گۆڕاندا خەباتیان کردووە، مەعقوول نییە جێگە بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک و کەسانی دیکە چۆڵ بکەن".











باسنيوز
Top