فازڵ میرانی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەتح و دەوڵەتی قانوون ئیجابی بووە

 فازڵ میرانی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەتح و دەوڵەتی قانوون ئیجابی بووە
ئەمڕۆ شەممە 7\7\2018، شاندێکی فەتح و دەوڵەتی قانوون بەیەکەوە سەردانی پارتیان کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لە پرێس کۆنفرانسێکدا، رای گەیاند: ”شاندی فەتح و دەوڵەتی قانون پێکەوە هاتبوون، ئەمەش بە هەنگاوێکی باشە و بە ئیجابی دەنرخێنین“.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی روون کردەوە، کە شاندەکان بۆچوونی خۆیان نیشان دا، کە کوتلەیەکی فراوان لە شیعە و سوننە و کورد پێک بێنن، ڤیتۆ لەسەر کەس نییە و دەیانەوێ بەرنامەیەکی حکوومیی شامل دروست بکەن، گوتیشی: ”ئەمە خاڵیکی هاوبەشە لەنێوان ئێمە و ئەواندا، تا ئەنجامی هەڵبژاردن و بڕیاری ڕوونتر نەدرێ، ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵام سەرەتایەک هەیە و لەسەر ئەمە دادەنیشین“.

فازڵ میرانی، هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا، ئاشکراشی کرد، کە ئەو شاندە دەچێتە سلێمانی و لایەنەکانی ئەوێش دەبینن، هاوکات شاندەکانی دیکەی بەغداش دێن و ئەوانیش لەگەڵ یەکێتی شاندیان هەیە.

گوتیشی: ”ئێمە نیگەرانین و نامانەوێ عێراق بەرەو خاڵیبوون یان غیابی موئەسەساتی بڕوات کە یەکێکیان دەسەڵاتی یاسادانانە، فەتح و دەوڵەتی قانون و کورد و سوننە پێکهاتەی گەورەن، حیکمە و وەتەنیە و لایەنی دیکەش دێنە ناوی“.








باسنيوز
Top