گۆڕان: ئەو ھێزەی یەکێتی کە ھێزە ڕەشەکەی چەک کردووە میلیشیایە
غالب محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: "ئەو ھێزە ئەمنییەی کە بە ھێزە (ڕەشەکە) ناسراوە، بۆ ئەوە درووست بووە دۆخێکی ئارام و سەقامگیر بگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەداخەوە ھێزێکی چەکداری یەکێتی پەلاماری ئەو ھێزە ئەمنییەی داوە و چەکی کردوون، بەبێ ئەوەی کەس بزانێ ئەو ھێزەی یەکێتی سەر بە کێیە و بۆچی ئەو کارەی کردووە؟".
ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەو ھێزە بۆ ڕێگریکردن لە سەیارەی جامڕەش و چەکی بێ مۆڵەت و سەرانە لە ھاووڵاتییان درووست کراوە، بەڵام کاتێک ئەو ھێزە لەلایەن ھێزێکی چەکدارەوە پەلامار دەدرێ و چەک دەکرێن، ئەرکی سەرشانی وەزیری ناوخۆیە ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ئەو ھێزەی کە بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی درووست بووە، کارمەندی وەزارەتی ناوخۆن، ناکرێ بەرامبەر بەو کارە بێدەنگی ھەڵبژێرن، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەڵوێستیان ھەبێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی کردەوە: " ھەموو کەسێک دڵخۆش بووە بەو ھێزەی کە درووست کراوە، چونکە ھاووڵاتییان دڵنیا بوون لەوەی کە ئەو ھێزە دەتوانێت، ڕێگری لە کاری قێزەون بکات، بەڵام ھێزەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە شێوەیەکی ناشارستانی پەلاماری ھێزە ئەمنییەکەی سلێمانی داوە، باوەڕی بەوە نییە کە دۆخی ئەمنی سەقامگیر بێت، یان ڕەنگە ئەو ھێزە چەکدارە سوودمەند بێت لە ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکان کە خوا دەزانێ لەناو سەیارەی جامڕەشدا چی دەکرێت، یان سوودمەند بن لەو سەرانەی کاتێک لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت".
غالب محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دۆخی ئەمنیی شارەکانی کوردستان، ”باش نەبووە و ھەوڵی ئەوە دراوە دۆخەکە بگەڕێتەوە پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر“. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ھێزە ئەمنییانەی لە ھەولێر و سلێمانی درووست کراون، بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی بووە و دواجار ئەو ھێزە ئەمنییەی سلێمانی، سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بەڵام ”کاتێک یەکێتی و چەکداری یەکێتی ڕێگری لە ھێزێکی ئەمنیی شاری سلێمانی دەکات، ئەو ھێزەی یەکێتی میلیشیایە، بۆیە ڕێگری لە ھێزێکی ئەمنیی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ دەکەن".
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەش کرد: " ئەگەر ھێزەکەی یەکێتی ڕاست دەکات، با کەرکووکی ئازاد بکردایە نەوەکوو پەلاماری چوار پۆلیس بدات کە دەیانەوێت یاسا جێبەجێ بکرێ و سەیارەی جامڕەش نەمێنێ و ھیچ کەسێک چەکی بێ مۆڵەت ھەڵنەگرێت".
باسنيوز
