لە ماوەیەكی نزیكدا پارەی گەنمی جووتیاران دەگاتە هەرێمی كوردستان
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند پرۆسەی وەرگرتنی گەنم كە لە 17ی مانگی رابردووەوە دەستی پێكردووە بە باشی بەڕێوە دەچێت.
نەوزاد ئەدهەم ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ڕێكخستنێكی باش بۆ وەرگرتنی گەنم هەیە و هیچ ئۆتۆمبێلێك هاوشێوەی ساڵانی رابردوو زۆر لە چاوەڕوانیدا نامێنێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەش كرد كە لەو 451 هەزار تۆن گەنمەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، تا ئێستا زیاتر لە 75 هەزار تۆنی وەرگیراوە.
سەبارەت بە وادەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جووتیاران نەوزاد ئەدهەم ڕوونی كردەوە كە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە چوونی (مەوقفی) هەفتانە بۆ بەغدا، راستەوخۆ دوای دوو هەفتە پارەكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
كۆمپانیای گشتیی بازرگانی و دانەوێڵەی عێراق، بۆ وەرزی ساڵی 2018 بۆ هەر تەنێك گەنمی پلە یەك 560 هەزار دینار، پلە دوو 480 هەزار دینار و پلە سێ 420 هەزار دیناری دیاری كردووە.
باسنيوز
