عیسمه‌ت ڕه‌جه‌ب: به‌ڵگه‌ی زۆرمان له پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شەعبی لە بەردەستە
دوای ڕزگاركردنی مووسڵ حه‌شدی شه‌عبی له سنووری ده‌شتی نه‌ینه‌وا جێگیر بووه و به‌رده‌وام پێشێلكاری دژی پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌ت مه‌سیحی و شه‌به‌ك ئه‌نجام ده‌دات و ته‌نیا له ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند هاووڵاتییه‌كی شه‌به‌ك ڕفیندراون و دواتریش ته‌رمه‌كانیان دۆزراونه‌ته‌وه.
عیسمه‌ت ڕه‌جه‌ب، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بۆشاییه‌كی ئه‌منی له سنووری مووسڵ و سه‌ڵاحه‌دین هه‌یه، ئه‌مه‌ش بووەته هۆی ئه‌وه‌ی شانه‌ی داعش دروست ببنه‌وه و چالاكی ئه‌نجام بده‌ن و شه‌وانه له‌زۆر شوێن داعش باڵاده‌سته و له‌ناو مووسڵیش شانه‌ی نوستووی داعش هه‌یه و به‌شێكیان ده‌ستگیر كراون و به‌شێكیشیان هه‌ر ماون و ڕۆژ به ڕۆژ ژماره‌یان زیاد ده‌كات و بوونه‌ته مه‌ترسیی جیددی."
دەرباره‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، عیسمه‌ت ڕه‌جه‌ب گوتی: "ڕه‌فتاره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌كان زۆر خراپتره له‌وانه‌ی داعش، چونكه ڕێگری له خه‌ڵك ده‌كه‌ن و ده‌یانڕفێنن و ده‌یانكوژن و له ناوچه مه‌سیحییه‌كانیش ده‌ست به سه‌رزه‌ویی مه‌سیحییه‌كاندا ده‌گرن و به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبیش كه دوو بران له ناوچه‌كه هه‌ردووكیان ناسنامه‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیایان هه‌یه، كه جیگه‌ی داخه ئه‌ڵمانیا ناسنامه ده‌داته ئه‌و كه‌سانه."
عیسمه‌ت ڕه‌جه‌ب گوتی: "خه‌ڵك زۆر لێیان بێزاره و پێش دوو ڕۆژ ته‌رمی كه‌سێكی دیكه‌ی كوردی شه‌به‌ك دۆزراوه‌ته‌وه و ڕێگری له كادیرای ئێمه ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ن و به‌ئاشكرا ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و ئێمەش چه‌ندین به‌ڵگه‌مان له‌باره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه له‌به‌رده‌ست هه‌یه."
ڕه‌جه‌ب ئاشكرایشی كرد: "ئه‌و كرده‌وانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به ئاگاداریی حكوومه‌تی عێراق و هێزه عێراقییه‌كانه و ئه‌وان پشتگیری له حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن."
به هۆی بوونی حه‌شدی شه‌عبی له سنووری پارێزگای مووسڵ ماوه‌ی دوو ساڵه ئه‌و شاره ئازاد كراوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان له ترسی حه‌شدی شه‌عبی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان.
kdp-
