ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی پەکەکە لە سنووری یەکێتی ئەنجام دەدرێ

 ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی پەکەکە لە سنووری یەکێتی ئەنجام دەدرێ
پێشبینی دەکرێت، ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو سنووری جوگرافیی دەوڵەتی عێراق کە هەرێمی کوردستانە، ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیش بگرێتەوە و فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەش هەماهەنگیی نێوان باڵێکی یەکێتی و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە ئاشکرا دەکات.

لە حاڵەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە دژی پەکەکە، ناوچەکانی زنجیرە چیای قەندیل لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.

لەمبارەیەوە لیوا موسا گەردی، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕايگەیاند: ”زانیاریی تەواوم لەسەر ئەوە نییە کە یەکێتی ڕاستەوخۆ ھاوکاری سوپای تورکیا دەکات یان نا، بەڵام یەکێتی ئێستا دوو سێ باڵی ھەیە و پێموایە باڵێک لە باڵەکانی لەگەڵ پەکەکە بێت و باڵێکی دیکەشیان لەگەڵ سوپای تورکیایە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ”ئەگەر ئەنجام بدرێت“، سنووری ئیداریی پارێزگای هەولێر تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی کە بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ناسراوە، ”ئەوکاتەش بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت کە کێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای تورکیا دەکات و کێ نایکات؟“.

هەر لەمبارەیەوە عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕايگەیاند: ”پێشتر یەکێتی لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی و بۆ موزایەدەکردن سنوورەکانی بۆ پەکەکە واڵا کرد و ئەو حزبەی ھێنایە ناو قوڵایی ھەرێمی کوردستان، ئێستاش پەکەکە دەستی خستووەتە بینەقاقەی یەکێتی و لە دەوروبەری سلێمانیش داوای ناسنامە لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادیرانی باڵای یەکێتی دەکەن، چونکە پەکەکە قایمقام و شارەوانی بۆ خۆی داناوە و حیساب نە بۆ یەکێتی و نە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناکات“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یەکێتی ئێستا هەست بەوە دەکات کە هێنانی پەکەکە بۆ سنوورەکانی خۆی زیان بە خودی یەکێتی دەگەیەنێت.











باسنيوز
Top