شاعیر و نووسەرێکی گەنجی بۆکانی دەستگیر کرا
بەپێێ هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان سەرلەبەیانیی دوێنێ سێشەممە 2018/7/3 هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی "ئەنوەر عەرەب" شاعیر و نووسەری گەنج و دەستبەسەریان کردووە.
هەتا ئێستا لەبارەی هۆکاری گیران و شوێنی ڕاگرتنی ئەو شاعیرە زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هێزانە بەبێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک چوونەتە ماڵی ئەو شاعیرە دوای دەستبەسەر کردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
ئەنوەر عەرەب، شاعیر و چالاکی فەرهەنگیی تەمەن 33 ساڵ، لە ساڵی 1985 زایینی لە شاری بۆکان لەدایک بووە. خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بیناسازییە و هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی لە زانکۆی تەورێز تەواو کردووە. شەش ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەیەکی دەورەیی بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بووە و ئەندامی رێکخراوی ئیزیرتۆیە، ئەنوەر لە شاعیرانی نوێخوازی بەرەی هەشتای هەتاوییە و هاوکات لە بواری چیرۆکنووسیشدا چالاکە و یەکەم کتێبی چیرۆکی لەژێر ناوی "لە چاوەڕوانی پیاوێکی کراس زەردی گوڵ گوڵی" چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵە کۆمەڵێک لە شێعرەکانی کە بەرهەمی ساڵی 2009 تا ئێستا لەخۆ دەگرێت، ئامادە چاپە.
باسنيوز
