مەسعوود تەک: پێویستە تەواوی لایەنەکانی تورکیا بەدەم بەیاننامەکەی بارزانی بێن

 	 مەسعوود تەک: پێویستە تەواوی لایەنەکانی تورکیا بەدەم بەیاننامەکەی بارزانی بێن
سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەنگاوێکی پیرۆزە بۆ هەموو لایەک و پێویستە هەموو لایەنەکان بە دەم ئەم بەیاننامەیەوە بێن.



سەرۆک بارزانی بە بۆنەی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزیرانی مانگی ڕابردوو پەیامێکی بڵاو کردەوە و هیوای خواست بوو ئەو پڕۆسە دیموكراتییە دروازەیەكی تازە بۆ چارەكردنی ئاشتیانەی دۆزی گەلی كورد لە توركیا بكاتەوە و ببێتە هۆكاریش بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی گرفتەكانی ناوچەكە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەكەمان بەدی بێت.



لەو بارەیەشەوە، مەسعوود تەک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندی بە بۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا پەیامێکی گرینگ و مانادار بوو و پێویستە هەموو لایەنە کوردەکان بەدەم ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانییەوە بێن، چونکە داوای چارەسەری کردووە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو ئالیەکدایە."



مەسعوود تەک، ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەمە یەکەم جار نییە سەرۆک بارزانی ئەم داوایە بۆ گەلی تورک و کورد دەکات و سەرۆک بارزانی لەگەڵ چارەکردنی کێشەکانە بە ئاشتیانە بۆ ئەوەی خوێنی هیچ گەنجێک نەڕژێت لە هەموو لایەکەوە، چونکە شەڕ و ئاڵۆزی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە."



سەرۆک بارزانی نەک تەنیا لە باکوور، بگرە لە تەواوی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە کە کێشەکان بە دیالۆگ و ئاشتیانە چارە بکرێن و خوێن نەڕژێت.



زۆر جار لە باشووری کوردستانیش بارزانی داوای لە لایەنەکانی عێراق و کوردستان کردووە کێشەکان بە گفتوگۆ چارە بکەن.


kdp-
Top