شارەزایان: بەبێ پێشمەرگە ئەمەریکا ناتوانێ ڕەوشی شنگال ئاسایی بکاتەوە

 	 شارەزایان: بەبێ پێشمەرگە ئەمەریکا ناتوانێ ڕەوشی شنگال ئاسایی بکاتەوە
دوای جێگیرکردنی ھێزەکەی ئەمەریکاش لە شنگال ھێشتا ئاوارە شنگالییەکان ئامادەی گەڕانەوە نین تا دڵنیایی بە کوردانی ئێزدی نەدرێت. شارەزایەکی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یەکێک لە مەبەستەکانی جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگالە.

شارەزایەکی سیاسی پێی وایە، یەکێک لە مەبەستەکانی جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە شنگال گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە، چونکە بەبێ ھەبوونی کورد ڕەوشی شنگال ئاسایی نابێتەوە. لەو بارەیەوە، کاوە کەریم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەو ھەموو پێشێلکارییەی ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕە، کە خۆی لە ناوچەکە نەبێت کێشە نابڕێتەوە و ئەو ھێزانەی لە شنگالن زیاتر دەبنە ھەڕەشە بۆسەر دەڤەرەکە."

وەک شارەزایەکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکات، مەبەست لە جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکایی لە شنگال بۆ ئەوەیە کە ئەمەریکا خۆی ناوچەکە بەڕێوە ببات و شنگال لە ڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر بێت. لەو بارەیەوە، کارۆخ خۆشناو، کە ماستەری لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەواو کردووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەبەست لە جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە دەڤەری شنگال ئەوەیە کە ئەمەریکا خۆی مەلەفی ئەو سنوورە بەڕێوە ببات، بەڵام ئەوە بەبێ ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال تەنیا بە ئەمەریکا ناکرێت. لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا دەیەوێت دەستی پەکەکە و ئەو ھێزانەی لە ڕووی ئایدیولۆژیاوە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن کەم بکاتەوە و ھێژمۆنی پەکەکە لەو دەڤەرە نەھێڵێت، تا تورکیا ڕۆژێک لە ڕۆژان دەست بخاتە نێو ئەو ناوچەیە و بە بەھانەی لێدانی پەکەکە بنکە و بارەگاکانی فراوان بکات."

کارۆخ خۆشناو ڕوونی کردەوە: "ئەمەریکا دەیەوێ ڕەوشی شنگال سەقامگیر بێت، بەڵام بە ھۆی ھەبوونی پێکھاتەی جیاواز لە دەڤەرەکە و نەبوونی ئەزموونی ئەمەریکا لە شنگال بەبێ پێشمەرگە مەحاڵە ئەو ئامانجەی ئەمەریکا سەربگرێت، چونکە پێشمەرگە ئەزموونی ھەیە و دەتوانێ زیاتر ڕەوشەکە ئارام بکات."

ھاوکات چالاکێکی کوردی ئێزدی بە دووری دەبینێت ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان تا ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن، ئەوان گەرەنتییان دەوێت. کاوە خەتاری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من لەو باوەڕەدا نیم بە جێگیرکردنی چەند سەربازێکی ئەمەریکایی ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، پێم وایە بابەتی کوردانی ئێزدی و ئاوارەبوونیان گەیشووەتە ئاستێک تەنیا بەوە چارەسەر دەبێت و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە شنگال کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدادا ھەبێت، لەبەر ئەوەی ئێزدی دەیانەوێ گەرەنتییەک ھەبێت بۆ گەڕانەوەیان تا ئەو گەرەنتییە دەستەبەر نەکرێت، ناگەڕێنەوە."

بە ھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعشەوە شنگالییەکان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش ئەو نیمچەئومێدەی ئاوارەکان ھەیشیانبوو، نەیانما و بێھیوا بوون لەوەی بگەڕێنەوە. مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بۆ چەندەمین جار پاتی دەکاتەوە، ڕەوشی شنگال ھەر بەرەو خراپی دەچێت و ئەو ھێزانەی لە شنگالن ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان. مەحما خەلیل بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئازادکردنەوەی شنگال لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە بەشێک لە ئاوارەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام دوای داگیرکرانەوەی شنگال، دیسان ئاوارە بوونەوە، ئێستاش خەڵک ئامادە نین بگەڕێنەوە شنگال و ڕەوشی شنگال ھی ئەوە نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان."

خەتاری دەڵێت: "کوردانی ئێزدی متمانەیان بە ھیچ حکوومەت و ھێزێک نەماوە، ئەویش بە ھۆی کارەساتی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، چونکە لەوە خراپتر بەسەر ھیچ کەسێک نەھاتووە کە کڕین و فرۆشتن بە کچان و ژنانەوە بکرێت، بەڵام بێگومان پێشمەرگە و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە شنگال، خەڵکیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."

لە لایەک پەکەکە و لە لایەکی دیکە حەشد و ھێزە عێراقییەکان کار بۆ تێکدانی ڕەوشی شنگال دەکەن و سەرەڕای ئەو ھەموو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی ھاتووە، حەشد و پەکەکە ئاستەنگی ھەرەسەرەکین بۆ ئاسایینەبوونەوەی ڕەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
kdp-
Top