وەزارەتی ڕۆشنبیری کەناڵەکەی دکتۆر عەبدولواحید دادەخات
دکتۆر عەبدولواحید کەسایەتی نزیک لە کۆمەڵی ئیسلامی لەناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا کەناڵێکی ناوخۆیی بەناوی (ئافەرین)ەوە، کردووەتەوە و لەچەند رۆژی رابردووشدا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە وەزارەتی رۆشنبیری کەناڵەکەی داخستووە.
محەمەد گەردی، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رايگەیاند: ”کەناڵێک بە ناوی (ئافەرین)، لە نێو جیهازێک کە پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان دەکات زیادکراوە و دەستی بە پەخشی ئەزموونی کردووە و بەهۆی نەبوونی مۆڵەتیشەوە وەزارەتەکەمان بڕیاری داخستنی کەناڵەکەی داوە“.
بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری، ئەوەشی خستە روو، کە ھەرکەناڵێک بەبێ مۆڵەت دەست بە پەخشی بەرنامەکانی بکات، کەناڵەکەی ڕادەگیرێ و ڕێگە نادرێت، بەرنامەکانی پەخش بکات.
کەناڵی (ئافەرین) سەر بە دکتۆر عەبدولواحیدە، کە کەسایەتییەکی نزیکە لە کۆمەلی ئیسلامی و بەنیاز بووە لەو کەناڵەوە بەرنامەی تایبەت بە مناڵان پەخش بکات.
هاوکار نوری، شارەزا لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵان، ڕايگەیاند: ”ناکرێت هەر کەسێک هەڵبستێت و کەناڵێک بکاتەوە و بیەوێت بەپێی ویستی خۆی منداڵان ئاڕاستە بکات، ئەوە ئەرکی حکوومەتە کە رێگری بکات لە دروستبوونی گەڕەلاوژەی راگەیاندن و کە بەبێ هیچ پرەنسیب و بەرنامە و پلانێک کۆمەڵە کەسانێکی نادیار و نەشارەزا بیانەوێت بازرگانی بە منداڵانەوە بکەن“.
باسنيوز
