کەرکووک.. حەشدی شەعبی سەرانە و پارە لە ئۆتۆمبیلە بارھەڵگرەکان وەردەگرن
کاوێز مەلا پەروێز، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە شاری کەرکووک ڕايگەیاند: ”ئەو بازگانەی کە شۆفێرە بارھەڵگرەکان پیێدا تێ دەپەڕن، ڕۆژانە کێشە و گرفتیان لە لایەن حەشدە شەعبی و پۆلیسی ئیتحادیی ئەو بازگانەوە بۆ دروست دەکرێت و فشار دەخرێتە سەریان تا سەرانە و پارەیان لێ وەرگیرێت، ئەگەر پارەش نەدەن ئەوا ئازاریان دەدەن، تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە بارەکانیان سووکە، وەکوو تەماتە و ماسی و مریشک کاتێک لەو بازگانەوە تێ دەپەڕن سەرانەیان لێ وەردەگیرێت“.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو کارەی کە ئەو بازگانە دەرھەق بە شۆفێران دەیکەن نایاساییە و شۆفێرانی بارھەڵگریش ناچارن بەو ڕێگایەدا ھاتوچۆ بکەن، چونکە پێش ڕووداوەکەی ١٦ی ئوکتۆبەر ڕێگای ھەولێر- کەرکووک بە ئاسانی و بەبێ ترس ھاتوچۆی پێدا دەکرا، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو ڕێگایە داخراوە و ھاتوچۆی تێدا قەدەغە کراوە، بۆیە شۆفێران ناچارن بە ڕێگای کەرکووک – مووسڵ – ھەولێردا ھاتوچۆ بکەن.
سەبارەت بەوەی کە سەرانە و پارە وەرگرتن لەلایەن میلیشاکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتحادییەوە تەنیا لەو ڕێگایەدا ھەیە، ئەو چاودێری سیاسییە ئەوەی خستە ڕوو کە لە ھەموو بازگەکانی دەوروبەری کەرکووک بەتایبەت ھێڵی کەرکووک- بەغدا بەئاشکرا پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن، ئەم ڕەفتارە پەیوەندیی بە دڕندایەتیی حکوومەتی ئێستای عێراقەوە ھەیە و بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، کە بە ھەموو شتێک دەزانن، بەڵام نایانەوێ ڕێگری لەو دیاردەیە بکەن و موحاسەبەی ئەو کەسانە بکەن، جاری وەھا ھەیە لەبەرامبەر ١٠ کیلۆ خەیار پارە و سەرانە وەردەگرن.
شوفێرێکی بارھەڵگری عەرەب گوتی: ”لە ھەفتەیەکدا سێ تاکو چوار جار بە ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکەم بە بازگەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتحادی لە کەرکووکەوە بەرەو ھەولێر دەچم، لە ھەر بازگەیەک داوای سەد ھەزار دینارم لێ دەکەن، بە پارانەوە لێیان بۆیان دەکەمە ٢٥٠٠٠ دینار کە ١٠ بازگەن و کۆی ئەو پارانەی کە لە ھەر کاروانێکمدا لە کەرکووکەوە بۆ ھەولێر دەگاتە ٢٥٠ ھەزار دینار، کاتێکیش پرسیاریان لێ دەکەیت بۆچی پارە و سەرانەمان لێ وەردەگرن؟ دەڵێن پێمان دەدەیت یاخود کێشە و گرفتت بۆ دروست بکەین“.
دیاردەی پارە و سەرانە وەرگرتنی بازگەکانی دەوروبەری کەرکووک گەیشتووەتە لای پارێزگا سەپێنراوەکەی کەرکووک، بەڵام تاکوو ئێستا لەو بارەیەوە نەھاتووەتە وەڵام.
پەیوەند بەم باسە، لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان کە دەکەوێتە نزیک چەند بازگەیەکی پۆلیسی ئیتحادی و حەشدی شەعبی لەنێوان کەرکووک- ھەولێر- مووسڵ، ڕايگەیاند: ”دیاردەی سەرانە و پارەوەرگرتن لە لایەن ئەو بازگانەوە بووەتە شتێکی ئاشکرا و لە نھێنی دەرچووە، بە ھۆی ئەوەی کە خۆیان لەو سنوورە خاوەن دەسەڵاتن و کەسێک نییە موحاسەبەیان بکات“.
ئەوەشی خستە ڕوو کە دوای ئەوەی ئەو ناوچەیە کەوتە دەست حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتحادی، لەدوای ١٦ی ئوکتۆبەرەوە ئەو دیاردەیە پەیدا بووە و شۆفێرانیش بە دڵەڕاوکێیەوە بەو ڕێگایەدا تێ دەپەڕن.
باسنيوز
