کەرکووک.. ژمارەیەک چەکدار دەستڕێژی گوللە لە ماڵێکی کورد دەکەن

 کەرکووک.. ژمارەیەک چەکدار دەستڕێژی گوللە لە ماڵێکی کورد دەکەن
ژمارەیەک چەکدار لە کەرکووک دەستڕێژی گوللە لە ماڵێکی کورد دەکەن و قوربانی هەیە.



بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە درەنگانی شەوی دووشەممە 2/7/2018 لە گەڕەکی نەسر لە کەرکووک رووی داوە و بەهۆیەوە خاوەن ماڵەکە بەناوی کازم رەئوف، بە سەختی بریندار بووە.



زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو چەکدارانە سەر بە پۆلیسی فیدڕالی بوونە و هەوڵیان داوە لەسەر دیوارەوە ئاودیوی ماڵەکە بن، بەڵام خاوەن ماڵەکە زانیویەتی و تەقەی لێ کردوون، ئەوانیش بە دەستڕێژی گوللە وەڵامیان داوەتەوە.



دوای بریندارکردنی خاوەن ماڵەکە، چەکدارەکان کامێراکانی چاودێری و پارە و مۆبایلەکانی ماڵەکەیان دزیوە و و کوڕێکی کازم رەئوفیشیان رفاندووە.



هەروەها کاتژمێر 10ـی شەوی دووشەممە لە گوندی عەبدوڵڵا غانم لە سنووری شارۆچکەی داقووق لە باشووری کەرکووک کەسانی نەناسراو ئاڵای رەشی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە گوندەکە هەڵکردووە و دواتر لەلایەن خەڵکی گوندەکە داگیراوە.



دوای داگیرکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەیان گرووپی چەکداری لە ناوچەکە بڵاو بوونەوە و بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ گوێدان بە یاساکان، خەڵکی دەکوژن و دەڕفێنن.



هەرچەند لە سەرەتای مانگی 12ـی 2017ـەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکەوتنی هێزەکانی وڵاتەکەی و کۆتاییهاتنی داعشی لە وڵاتەکەیدا راگەیاند، بەڵام چەند مانگێکە ئەو چەکدارانە دەستیان بە جموجۆڵ و کردەی تیرۆریستی لە شارەکانی عێراق و دەوروبەری شاری کەرکووک کردووەتەوە.



پێشتریش لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباری و چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای کەرکووکیان داگیر کرد.



ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری کەوتنە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.



باسنیوز
Top