عەلی عەونی: پارتی ئامادەیە و لقەكانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی بەربژێرەكانن

عەلی عەونی: پارتی ئامادەیە و لقەكانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی بەربژێرەكانن
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لەوە دەكات كە هەڵبژاردن مافێكی سرووشتیی خەڵكە و پارتی سەد لەسەد ئامادەیە و لقەكانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی بەربژێرەكانن.

عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستان، ڕایگەیاند: "پارتی سەد لەسەد ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەو بارەیەیشەوە ئامادەكاریی كردووە و لقەكانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی بەربژێرەكانن".

عەونی گوتیشی: "هەڵبژاردن مافێكی سرووشتیی خەڵكە و نابێت دوا بكەوێت، چونكە هیچ پاساوێك نییە و دەبێت لە كات و ساتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو موزایەدانە نەمێنن كە هەندێك لایەن دەیكەن".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی، ئاماژەیشی دا: "دەبێ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بكرێت، چونكە ناكرێت بۆشایی لە ئەنجوومەنەكاندا دروست ببێت، لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەندێك هێز لەوانەیش گۆڕان و یەكێتی لە پەرلەمان ئامادە نین دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی بدەن، كەچی لەم لایەوە موزایەدە بەسەر پارتیدا دەكەن، بۆیە پرسی هەڵبژاردنیش، دەبێت وەك ئەم پرسە بۆ خەڵك روون ببێتەوە".
kdp-
Top