تارق نووری: هێزە ئەمنییەکان چاوکراوەن بۆ بەرپەچدانەوەی هەر جووڵەیەکی داعش
لەو بارەیەوە، دکتۆر تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کە باس لە مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش دەکرێت ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە گرووپێکی توندڕۆی تیرۆریستییە و بەردەوام جێگەی مەترسییە، بەڵام بە ھۆی ھەبوونی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەوە مەترسیی ئەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان نەماوە داعش بتوانێت وەک پێشتر ھێرش بکات، چونکە سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆکمە کراون و لە ئامادەباشیدان.
نووری ئاماژەی دا: "لە نێو شارەکانیش ھێزەکانی ئاسایش چاوکراوەن و ڕێگەش نادەین ئەو جووڵەیەی تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوو زیادی کردووە لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان بگاتە نێو شارەکانی ھەرێمی کوردستان."
ئەم گوتانەی بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر لە کاتێکدایە دوێنێ پەرلەمانی کوردستان درێژەدان بە کارکردنی یاسای ژمارەی سێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پەسەند کرد. دکتۆر تاریق نووری ڕوونی کردەوە: "مایەی نیگەرانیی ئێمەیە و ھاووڵاتییانی ئەو ناوچە کوردستانییانەی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن مافی خۆیانە مەترسیی دووبارەبوونەوەی داعش لەو سنوورانە بکەن، ئێمە پلانی ئەمنیی خۆمان ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازگەکانی ھێزی ئاسایش بەردەوام کاری خۆیان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەھەر ھەوڵ و پیلانێکی تیرۆریستان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان."
ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام سوپاگوزاری ھێزی پێشمەرگە و ئەمنین بۆ ئەوەی توانیویان خاکی ھەرێمی کوردستان لە تیرۆریستان بپارێزن و تاکە ناوچەی ئارامی عێراق و ناوچەکە لە ڕووی ئەمنییەوە ھەرێمی کوردستانە، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر دەڵێت: "دیسان پشت بە خوا ناھێڵین تیرۆریستان زەفەر بە خەڵکی کوردستان ببەن و ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ڕەوشی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و ھەولێر بەتایبەتی سەقامگیرە و ھێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەوڵێکی تیرۆریستی."
kdp-
