سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی: داعشه‌كانی سنووری مەخموور نیازیان خراپە

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی: داعشه‌كانی سنووری مەخموور نیازیان خراپە
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، گرووپی تیرۆریستیی داعش نیەتی ھێرشكردنی بۆ سەر شارۆچكەی مەخموور و چەند ناوچەیەكی دیكە ھەیە. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێ، ژمارەیەك كەسایەتی و شێخی عەرەبیش لە ناوچەكانی زاب و حەویجە، دەستیان لەگەڵ داعشدا تێكەڵ كردووە.

لە دوای ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، كە لە ١٢ی ئایاری مانگی رابردوودا بەڕێوە چوو، گرووپی تیرۆریستی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق دەستی بە جووڵە كردووە و مەترسیی بۆ سەر چەند دەڤەرێكی عێراق دروست كردووە.

سەرچاوەیەكی سەربازی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، زانیاریی وردی لەبارەی چالاكییەكانی داعش لە سنووری مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا كرد و رایگەیاند: "لەو ناوچانەی مەخموور كە لە ژێر دەستی ھێزە عێراقییەكاندان، داعش خۆی رێك خستووەتەوە و دەستی بە چالاكی كردووە، زیاتریش دەكەونە بناری چیای قەرەچووخ و شارەدێی باقرت، تا دەگاتە سنووری گەیارە و عەلیەڕەش، ئەو ناوچانە چەند پارێزگایەكی عێراق پێكەوە دەبەستنەوە وەك پارێزگای كەركووك و مووسڵ و تكریت، كە لەو سێگوشەیەدا داعش زۆر بووە".

سەرچاوەكە دەڵێت: "داعش تاكتیكی خۆی گۆڕیوە لەوەی پێشتر ھەیبوو، ئێستا داعش بە شێوەی مەفرەزە دەردەكەون بۆ چالاكی و مامەڵەیان ھەندێك نەرمتر كردووە لەگەڵ ھاووڵاتیان، لەوەش مەبەستی خۆیان ھەیە، ئەویش پەیداكردنی سەرچاوەی دارایی و بەھێزكردنی پێگەی خۆیانە لە ناوچەكەدا، بە تایبەتی زانیاریی وردمان ھەیە كە داعش بە دوای سەرچاوەی ماددیدا دەگەڕێت".

بەپێی زانیاری سەرچاوەكەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو چەكدارانەی داعش زیاتر داعشی نێوخۆی عێراقن و بە خێزانەوە لەو ناوچانەی سەرەوە نیشتەجێ بوونە، ئەوان ھیچ حیسابێك بۆ حكوومەتی عێراق ناكەن و ھێزە عێراقییەكانیش زۆر بێتوانان لە بەرامبەر ئەو چەكدارانەدا، زیاتر رێگا سەرەكییەكان لە دەست ھێزی عێراقیدان و خۆیان لە قەرەی چەكدارانی داعش نادەن، بۆ نموونە ھێزە عێراقییەكان تەنیا لە رێگەی سەرەكیی مەخموور بۆ گەیارە تا گوندەكانی كەوەرۆك بۆ حاجی عەلی، ساتریان لێ داوە و ناتوانن لەو جادە سەرەكییە دوور بكەونەوە.

بەھۆی ئەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش ھیچ پەیوەندییەكی فەرمیی لەگەڵ ھیچ وڵاتێك و ھێزێكی فەرمیدا نییە، تا ئێستا بە دروستی نازانرێ لە عێراق ژمارەی چەكدارەكانیان چەندە، بەڵام ئەو سەرچاوە سەربازییە روونی كردەوە: "ئێمە زانیاریمان ھەیە لە چیای قەرەچووخ و دەشتی قەراج و نزیك گەیارە، زیاتر لە ٥٠٠ چەكداری داعش ھەن".

سەرەڕای زیادبوونی چالاكیی داعش لە چەند رۆژی رابردوودا، بەڵام نەیتوانیوە دەست بەسەر ھیچ شارۆچكەیەكی عێراقدا بگرێت، سەرچاوە سەربازییەكە، ھۆكارەكانی ھێرشنەكردنە سەر شارۆچكەی مەخموور و شار و شارۆچكەكانی دیكەی سنوورەكە وەك ناحیەی ریاز و باقرت و سەرگەڕان و زاب ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "داعش نیەتی ھێرشی گەورەی بۆ سەر شارۆچكەی مەخموور ھەبوو، بەڵام دەنگۆیەك بڵاو ببووەوە لەو سنوورە گوایە دوای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھاوپەیمانان ئیدی ھێرشی ئاسمانی ناكەنە سەر داعش لە عێراق و تەنیا فڕۆكە عێراقییەكان ئەو كارە ئەنجام دەدەن، ئەگەرنا داعش نیازی وا بوو لە ھەڵبژاردانی مانگی رابردوودا ھێرش ئەنجام بدات، پێم وا بێ ھۆكاری دواكەوتنی ھێرشەكەیش تەنیا ئەوە بووبێ تا ھاوپەیمانان پێگەكانیان نەكەنە ئامانج".

لەبارەی پێشبینیی بەھێزبوونی داعشەوە، سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "داعش ھێزێكی تیرۆریستیی مەترسیدارە، لەو سنوورەی مەخموور تا دەگاتە مووسڵ و حەویجە خۆی كۆ كردووەتەوە و نیەتی خراپی ھەیە، چونكە لە شارەدێی زاب، ناوچەی زۆر لەبار ھەن بۆ خۆحەشاردانی داعش و ھەمووی ناوچەی قامیشەڵانە و لەڕووی سەربازییەوە چەندی چەكدار ھەبن، دەتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە، چیای مەدحول ھەیە دەكەوێتە نێوان شارۆچكەی حەویجە و ناحیەی زاب، ھەرچی داعشی مەترسیدارە لەوێ خۆیان حەشار داوە و چەندین شێخی عەرەبی ناوچەكەیش دەستیان لەگەڵ داعشدا ھەیە".
kdp-
Top