پۆلیسی دهۆك: هەر كەسێك بێمۆڵەت چەك هەڵبگرێت، دەستگیری دەكەین

پۆلیسی دهۆك: هەر كەسێك بێمۆڵەت چەك هەڵبگرێت، دەستگیری دەكەین
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك گوتی، لە سنووری پارێزگای دهۆك رێژەی ئەنجامدانی تاوان بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە زۆر كەمە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەر كەسێك بێمۆڵەت چەك هەڵگرێت، دەستگیری دەكەن و دەیدەنە دادگا. سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیش دەڵێ: "هەوڵ دەدەین هاوشێوەی هەولێر، لە دهۆكیش هەڵمەتێكی بنبڕكردنی دیاردەی هەڵگرتنی چەك دەست پێبكات".



دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان چەندین روداوی كۆمەڵایەتی ڕوویان دا، لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی، هەڵمەتێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێمۆڵەت و دەستگیركردنی خاوەنەكانیان دەستی پێكرد و ژمارەیەكی زۆر خەڵك بە چەكەوە دەستگیر كراون، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دۆهۆكیش دەڵێ: "ئێمە دەمێكە ئەو كارە دەكەین و هەر كەسێك چەكی بێمۆڵەت هەڵبگرێت، دەستگیری دەكەین، بۆیەیش كەمتر لە دهۆك تاوان ئەنجام دەدرێت".



رائید هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەكو پۆلیسی دهۆك لە سنووری خۆمان پێشتریش هەر كەسێك لە هەر شوێنێك چەكی پێ بووایە و مۆڵەتی نەبایە، دەستگیریمان دەكرد و دەستیشمان بەسەر چەكەكەیدا دەگرت و دەماندایە دادگا، ئێستاش هەر بەردەوامین، چونكە ناكرێت هەر كەسێك لە خۆیەوە چەك هەڵگرێت بە بێ ئەوەی مۆڵەتی هەبێت، بۆیە ئێمە وەكو هەڵمەت نەمانكردووە و پێشتر بەردەوام بووین و ئێستاش هەر بەردەوامین".



سلێمان گوتیشی: "بە هۆی ئەوەی ئێمە بەردەوام ئەم كارەمان كردووە، پارێزگای دهۆك بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە، رێژەی ئەنجامدانی تاوانی تێدا زۆر كەمترە".



لای خۆشیەوە، فەهیم عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە ڕای من پێویستە ئەگەر هەڵمەتێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بێت نەك تەنها لە چەند ناوچەیەك، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆك رێژەی ئەنجامدانی تاوان زۆر كەمە لە چاو پارێزگاكانی دیكە، وەلێ گرینگە لە دهۆكیش ئەنجام بدرێت، چونكە ناكرێت چەكهەڵگرتن بمێنێت و پێویستە ئەم دیاردەیە بنبڕ بكرێت، لەبەر ئەوەی هەندێك كەس بۆ جوانی بەكاری دەهێنن".



عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئێمە دیراسەی ئەو بابەتە دەكەین و هەوڵ دەدەین لەداهاتوویەكی نزیكدا لە سنووری پارێزگای دهۆكیش هەڵمەتێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت".


kdp-
Top