سۆران.. بەهۆی تەقەکردن چوار هاووڵاتی بریندار بوون

 سۆران.. بەهۆی تەقەکردن چوار هاووڵاتی بریندار بوون
لە ماوەی یەك ڕۆژدا واتە دوێنێ هەینی‌ 29-6-2018 لە سێ روداوی تەقەكردندا، لە سنووری بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، چوار هاووڵاتی زامدار بوون و دوو لە تەقەكەرەكانیش دەستگیر كراون.


راید هاوار ئەرگۆشی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، ڕایگەیاند: "لە گەڕەكی حەریق لە شاری سۆران، لە كاتی چارەسەركردنی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، نێوان ژن و مێردێك، ئافرەتەكە بەناوی (س-ن-س) هەوڵی خۆكوشتنی دابوو، لە كاتێكدا ئامادەبوان ویستبوویان رێگریی لێبكەن، بەڵام ئەو تەقەی كردبوو، بەهۆیەوە دوو كەس بەناوەكانی (ع-ف-م) لەدایكبووی 1995 هەروەها (م-ن-س) لەدایكبووی ساڵی 2008 بریندار بوون و تۆمەتبارەكەش دەستگیر كرا و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە".


گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، گوتیشی، لە رووداوێكی دیكەدا لە شاردەێی (مەزنێ‌)ی سەر بەقەزای مێرگەسور، كوڕە گەنجێكی تەمەن 21 ساڵ بەناوی (ب-ع-خ) بەگوللە بریندار كرابوو، لە كاتی لێكۆڵینەوەكان، ئاماژەی بەوە كردووە كە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، لەلایەن چەند كەسێكی نزیكی لێی دراوە و تەقەی لێكراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە رێكخراو، تۆمەتبارێك بەناوی (و-خ-م) دەستگیر كراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە".


ئەوەشی خستە ڕوو، هاووڵاتیەكی تەمەن 22 ساڵ بەناوی (مەروان فرسەت حاجی) بەمەبەستی گەشتوگوزار، چووبووە كوێستانەكانی شاردێی (سمیلان)ی سەر بە قەزای چۆمان، لە ئەنجامی تەقەكردنێكی نادیار گوللەیەكی بەر كەوتووە و بەهۆیەوە زامدار بووە و لێكۆلینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێكردوە و بە هاوكاری لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی سمیلان، بۆ دەستگیركردنی و گرتنەبەری رێكاری یاسای بەرانبەری بەدوای تەقەكەرەكەدا دەگەڕێین.









باسنیوز
Top