شارەزایەكی یاسایی: بەغدا ناتوانێ زەفەر بە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان ببات

 شارەزایەكی یاسایی: بەغدا ناتوانێ زەفەر بە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان ببات
شارەزایەكی یاسایی دەڵێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك سیاسەتی نەوتی داڕشتووە، كە بە هەموو شێوەیەك پابەندی یاسا و دەستووری عێراق دەبن، بۆیە حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ داژایەتیی پرۆسەی نەوتی هەرێم بكات.

حكوومەتی عێراق، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردبوو كە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی ئەوەی نییە مامەڵە بە سامانە سرووشتییەكانی خۆی بكات و مافی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی نییە، بەڵام دادگای فیدراڵی بە ئامادەبوونی هەردوو لایەنی هەرێم و عێراق، كۆ بووەوە و تێیدا پشتی بە ماددەی 111ی دەستووری عێراق بەستووە و بڕیاری خۆی داوە، كە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی بەپێی دەستوور مامەڵە بە سامانە سرووشتییەكانی خۆیەوە بكات. شارەزایەكی یاساییش لەو بارەیەوە دەڵێ، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بە جۆرێكە بەغدا ناتوانێ دژایەتیی بكات، چونكە ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات هەمووی بۆ ئەوەیە كە دژایەتیی ئابووریی هەرێمی كوردستان بكات.

د. سەباح سوبحی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان و شارەزای یاسایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەغدا بەرنامەیەكی هەیە و پیلانیشی بۆ داناوە بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، ئەمەش تەنیا حكوومەتی عێراق نییە و وڵاتانی هەرێمییش پشتگیرییان دەكەن، سەرەتا لە ریفراندۆم هەوڵیان دا لە ڕووی سیاسییەوە هەرێم لاواز بكەن و شكستیان برد، دواتر لە ڕووی ئابوورییەوە چوون سكاڵایان لەسەر كەرتی نەوتی هەرێم تۆمار كرد كە گوایە نایاساییە، بەڵام ئەمجارەش شكستیان خوارد و دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی هەرێم یەكلای كردەوە، چونكە ئەوان دەیانویست كەرتی نەوت بخەنە بن دەستەڵاتی خۆیانەوە".

سوبحی گوتیشی: "ئەمە سەركەوتنێكی دیكەی ئابوورییە بۆ هەرێمی كوردستان و كەرتی نەوتی هەرێم تابعێكی فەرمیی وەرگرتووە، چونكە سیاسەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتدا بە جۆرێكە كە هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پابەندی یاسا و دەستووری عێراق دەبێت، ئەمەش وای كردووە حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك نەتوانێ زەفەر بە هەرێمی كوردستان و كەرتی نەوت ببات و دژایەتیی بكات".

ئەو شارەزایە هەروەها باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان لەوەتەی مامەڵە لەگەڵ كەرتی نەوت، دەكات تاوەكو ئێستا یەك جاریش پێشێلی دەستووری نەكردووە، بەڵام حكوومەتی عێراق 55مادەی دەستووری پێشێل كردوون، بۆیە دوای شكستهێنان لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگەكانی پێشمەرگە، ئەمە دووەمین شكستی حكوومەتی عێراقە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان".


kdp-
Top