قایمقامی ھەولێر: له‌مڕۆوه‌ وێستگەكانی، شۆڕش، ڕزگاری و عەینكاوە، بەنزین بە شوفێران ده‌دەن

 	 قایمقامی ھەولێر: له‌مڕۆوه‌ وێستگەكانی، شۆڕش، ڕزگاری و عەینكاوە، بەنزین بە شوفێران ده‌دەن
لە پارێزگای ھەولێر سێ وێستگەی دابەشكردنی بەنزین بەكار خراون و لە ئەمڕۆوە شوفێرانی ئۆتۆمبێلە كرێیەكان دەتوانن بە نرخێكی گونجاو و كەمتر لە نرخی وێستگە ئەھلییەكان، بەنزین لە ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن، قایمقامی ھەولێریش دەڵێت، كار بۆ ئەوە دەكەن شوفێران بە گشتی بە ھەمان نرخ بەنزین بكڕن.

لە نێوەڕاستی مانگی ڕابردوودا، لەنێو شوفێرانی ھەرێمی كوردستاندا نیگەرانی بڵاو بووەوە، گوایە نرخی بەنزین لەو ناوچانەی سەر بە حكوومەتی عێراقن ھەرزاترە لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێریش دوای وەڵامدانەوەی نیگەرانییەكانی شوفێران، بڕیاری دا وێستگە حكوومییەكانی ھەرێمی كوردستان وەگەڕ بخرێنەوە و بە نرخێكی كەمتر لە پێشوو بەنزین بە شوفێران بدەن.

پەیوەست بەمە، قایمقامی پارێزگای ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بەنزینەی لە بەغداوە بڕیاری لەسەر درابوو بۆ كوردستان ڕەوانە بكرێت، ھەرێمی كوردستان خۆی كڕیویەتی و گەیەنرایە ھەولێر و ئەمڕۆ لە وێستگە حكوومییەكان دەست بە دابەشكردنی كرا".

سێ وێستگەی حكوومی ھەیە لە نێو پارێزگای ھەولێر، شۆڕش، ڕزگاری و عەینكاوە، وا بڕیارە بە بەردەوامی ئەو بڕە بەنزینە بێت، چونكە كڕدراوە نەك دابین كرابێت، كە بە نرخی ٦٤٠ دینار دەدرێتەوە ھاووڵاتیان.

قایمقامی هەولێر، هەروەها گوتیشی: "لە قۆناغی یەكەمدا بۆ تەكسییەكانە، لەبەر كەمبوونەوەی نرخی ھاتوچۆِی ھاووڵاتیان، بە گوێرەی ئەو بڕیارەی دراوە لە نێوان بەغدا و ھەولێر، ھاتنی ئەو بڕە و زیاتریش بەردەوام دەبێت و، قۆناغی دووەم ئۆتۆمبێلی تایبەتی ھاوڵاتیان بە گشتی دەگرێتەوە و دەتوانن بەم نرخەی حكوومەت دیاریی كردووە "٦٤٠" دینار، پێیان بدرێت."

نەبەز، دەشڵێت: "سێ وێستگەی تریش ھەیە كە لە ھەریر، شەقڵاوە و پیرمامن و وا ئامادە دەكرێن بۆئەوەی لەم جێگایانەشدا ئەم بەنزینە حكوومییە دابەش بكرێت، بۆ زانیاریی شوفێرانیش، با دڵنیا بن كوالێتی بەنزینەكە زۆر بەرزە و ھیچ كێشەیەكی نییە."
kdp-
Top