هاتوچۆی سلێمانی: لە شەش مانگدا 513 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە
كاروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 513 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە، بە بەراورد لەگەڵ شەشە مانگی ساڵی ڕابردوو رووداوەكانی هاتوچۆ كەمیان كردووە، چونكە ساڵی پار لەو کاتەدا 540 ڕووداوی هاتوچۆ روویان دابوو".
ڕوونیشی کردەوە: "هۆكاری سەرەكیی رووداوەكانی هاتوچۆ تیژڕەوی و پاپەندنەبوون و بێئاگایی و مەی نۆشین و كەمتەرخەمیی شۆفێران بووە و لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 670 هاووڵاتی بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە بریندار بوون، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا هەزار و 475 هاووڵاتی بە رووداوەكان بریندار بوون".
کاروان محەمەد ئەوەشی خستە ڕوو: "لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەهۆی رووداوەكانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی 73 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە، كە 51 یان هی رووداوەكانی رێگاوبانەكانی دەرەوەی شار و 22ی تریشیان هی ناو شار بوون، بەڵام لە ساڵی رابردوودا بەهۆی رووداوەكانەوە لە شەش مانگی یەكەمدا 92 هاووڵاتی گیانیان لەدەست دابوو".
ئاماژەی بەوەش دا: "لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا 10 هەزار و 633 بۆ یەكەمجار تۆمار كرابوون، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 24 هەزار و 973 ئۆتۆمبێل تۆمار كراون".
كاروان محەمەد، لەبارەی کامێراکانی چاودێری ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا کامێرا جێگرەکانی چاودێری وێنە ناگرن، بەڵام کامێرا گەڕۆکەکان کاری خۆیان کردووە، ھەروەھا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 118 هەزار و 748 وێنەی ئۆتۆمبێل گیراوە لەلایەن كامێراكانی چاودێری خێرایی، كە داهاتەكەشی بریتییە لە 10 ملیار و 15 ملیۆن و 330، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو 187 هەزار و 552 وێنەی ئۆتۆمبێل گیراوە و داهاتەكەشی 16 ملیار و 353 ملیۆن و 660 هەزار دینار".
باسنيوز
