خەسرۆ گۆران: پابەندی بڕیاری كۆمسیۆن دەبین بۆ گەیاندنی ناوی كاندیدەكانمان لە وادەی خۆیدا
خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "ئەمڕۆ دواوادەیە بۆ تۆماكردنی هاوپەیمانەتیی لایەنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئێمەیش وەكو پارتی بە تەنیا و بێ هاوپەیمانی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەین".
هۆكاری پێكنەهێنانی لیستێكی هاوپەیمانییشی لە لایەن پارتییەوە لەگەڵ لایەنێكی دیكەدا، بۆ ئەوە گێڕایەوە، كە لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٣ـوە ئاڕاستەكە وا دەخوازێت، هەر لایەنێك بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردن بكات، چ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت، یا ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم".
گۆران، هێمای بۆ ئەوەش كرد، كە رۆژی ٣ی ٧ دوا وادە دەبێت بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئاشكرایشی كرد، كە تا ئێستا وەك پارتی ناوی كاندیدەكانیان رادەستی كۆمسیۆن نەكردووە، جەختیشی كردەوە لەوەی كە، پابەندی بڕیار و وادەی كۆمسیۆن دەبن بۆ گەیاندنی ناوی كاندیدەكانیان لە وادەی خۆیدا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش، بەرپرسەكەی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیوای خواست هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت.
kdp -
