مەحموود عوسمان: ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبن لە بەغدا رۆڵیان نابێت
مەحموود عوسمان ڕایگەیاند "لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق بەرەو ھەڵدێر چووە، ساڵ بەساڵ خراپتر بووە و دەسەڵاتێکی تێدا نییە، بەڵکو چەند دەسەڵاتێک ھەن و کێشەیان زۆرە، ئەگەر کورد بیەوێت تێیدا ڕۆڵی ھەبێت، ئەوا دەبێت یەکگرتوو بن، بەڵام کوردیش یەکگرتوو نییە و حزبەکانیش ھەریەکە بۆ خۆی کار دەکات، ھەروەھا کێشەکانیشیان لە دوای ئەم ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەی عێراق زیاتر بووە، لەبەر ئەوە بۆچوونم وایە کە ڕۆڵیان نابێت".
ئەو سیاسەتمەدارە ئەوەشی خستەڕوو کە ماوەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراقدا درێژە دەکێشێت، ھەروەھا بەھۆی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست، بۆ ماوەیەکیش عێراق بەبێ پەرلەمان دەمێنێتەوە، دواتر دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات کە کێ دەبێتە پەرلەمانتار و کێ نابێتە پەرلەمانتار.
ئاشکراشی کرد کە تەمەنی پەرلەمان درێژ ناکرێتەوە، چونکە دەستووری نییە، دەشڵێ ”لەلایەکی دیکەوە ئێستە حەشد و ھێزەکانی دیکە ڕۆڵی سەرەکیان ھەیە، ھەروەھا ئێرانیش ڕۆڵی زۆری ھەیە، کەچی ئەمریکا رۆڵی کەمتر بووەتەوە“.
لەبارەی مەیلی بەرەو مەرکەزیبوونی عێراقیشەوە، كە لەلای قەوارەکەی بەرھەم ساڵح و ھەریەکە لە حزبەکانی وەک گۆران، کۆمەڵ و نەوەی نوێوە كاری بۆ دەكرێت، مەحموود عوسمان دەڵێ پێویستە ھەموو حزبەکان پێکەوە ئیش بکەن، چونکە کێشەی ئێمە ھی میللەتێکە ناوی کێشە کوردە، بۆیە پێویستە ھەمووان پێکەوە بڕۆنە بەغدا، تورکیا و ئێران، بەڵام لایەنەکان بەجیاجیا دەڕۆن و ھەندێکیشیان کە ڕۆیشتوون دژی لایەنی دیکە قسەیان کردووە، بەبۆچوونی من ئەوە زۆر خراپە، لە دوای ھەڵبژاردنەکانیش دۆخەکە خراپتر بووە و ئەوەش زیانێکی زۆری لە کێشەی کورد داوە.
باسینوز
