قەوارەکەی بەرھەم ساڵح: تێکچوونی ڕەوشی کەرکووک بۆ 16ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە

 قەوارەکەی بەرھەم ساڵح: تێکچوونی ڕەوشی کەرکووک بۆ 16ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە
گوتەبێژی قەوارەکەی بەرھەم ساڵح ڕای گەیاند، بەشێکی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بۆ ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە.

ڕێبوار کەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ڕایگەیاند: "ھۆکاری جموجۆڵەکانی داعش لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تا ئێستا ئەو ڕێکخراوە بەتەواوەتی بنبڕ نەکراوە، ھەرچەندە دەبووایە حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانان ھەوڵی ئەوەیان بدایە و کۆتایی بەداعش بھێنن، بەڵام کاتێک ئەو ڕێکخراوە لە ھەندێک ناوچە دەستی بە جووڵە کردووەتەوە، بەڵگەی ئەوەیە کۆتایی بە تیرۆر نەھاتووە، بۆیە پێویستە تیرۆر و تیرۆرکاری لە عێراقدا بنبڕ بکرێت".

ڕێبوار کەریم گوتیشی: "بەختەوەرانە ھەرێمی کوردستان ئەمنیەتێکی باشی ھەیە، بەڵام جموجۆڵی داعش لە ھەندێک ناوچە گرفتە بۆ ئەوەی بەردەوام تیرۆر مەترسی لە ھەموو ناوچەیەکدا ھەبێت، بۆیە باشترە لە ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی باشتری ھەبێت، ھەروەھا دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان خۆی بەھێزتر بکات، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ھیچ مەترسییەک ڕوو نەدات".

گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ئاماژەی بەوەش دا: "تێکچوونی دۆخی ئەمنیی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەشێکی پەیوەندیی بەو دۆخە خراپە ئەمنی و سیاسییەوە ھەیە کە لەو ناوچانەدا گوزەر دەکات، ھەروەھا ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر یەکێکە لە ھۆکارەکانی تێکچوونی دۆخی ئەو ناوچانە، بەڵام هۆکاری دیکەش هەیە“.

رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی عێراق کەرکووک و ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانیان داگیر کرد. دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر، نەجمەدین کەریم، سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایان کرد کە گرووپێک لەنێو یەکێتی خیانەتیان کردووە و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەیان ڕادەستی میلیشیاکان کردووە.

هەر لە سەروبەندی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا، هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهوور و ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی، ئاسۆ مامەند و چەندان سەرکردەی دیکەی نێو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی)، پاساوی جۆراوجۆریان بۆ ڕادەستکردنی کەرکووک هێنایەوە و بەشێکیشیان لەسەر سفرەی خوانی میلیشیاکان دەرکەوتن، بۆیە ئێستا بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ناسراون.












باسنیوز
Top