هه‌ده‌په: سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌مان له هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى توركیا به‌ده‌ست هێنا
په‌روین بوڵدان، هاوسه‌رۆكى هه‌ده‌په، ئەمڕۆ چوارشەممە 27\6\2018، لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ڕاى گه‌یاند: ”هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی توركیا له دۆخێكى دیموكراسییانه‌دا به‌ڕێوه نه‌چوو“.
هاوسەرۆكى هەدەپه، لەو پرێس کۆنفرانسەدا، جەختی لەوەش کردەوە، کە سه‌ره‌ڕاى ئه‌و فشاره زۆره‌ى له‌سه‌ر هه‌ده‌په دروست كرابوو، به‌ڵام توانیویانه سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره به‌ده‌ست بهێنن و سوپاسی ده‌نگده‌رانى كرد، ئاماژەی بەوەش دا كه به‌ده‌ست هێنانى 67 كورسی په‌رله‌مانى بایه‌خێكى گه‌وره‌ى بۆ ئه‌وان هه‌یه.
ئاشکراشی کرد، کە بوونى هه‌ده‌په له په‌رله‌مان گرنگه، گوتیشی: ”ده‌نگده‌رانیش پێیان گوتین كه په‌رله‌مان به‌بێ هه‌ده‌په په‌رله‌مانێكى ته‌واو نییه، چونکە تێكۆشانى ئێمە دژى فاشیزم به‌رده‌وامى ده‌بێت، بۆیە بۆ له‌مه‌ودوا بهرپرسیارییهتێكى زۆر ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆمان".
باسنيوز
