لە شارەزوور دوو کەس دەستگیر دەکرێن
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/6/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ھاتووە: "ھەرچەندە ڕاوکردنی ماسی ئاسایی بووەتەوە، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکان بە بەکارھێنانی ژەھر، کارەبا و ھەموو جۆرەکانی تەقەمەنی قەدەغەیە".
باس لەوەش کراوە: "بۆ ئەو مەبەستەش مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان لە سەرجەم دەریاچە و ڕووبارەکاندا ئامادەییان ھەیە و لەوپێناوەشدا دوو سەرپێچیکار دەستگیر کراو و ڕووبەروی دادگا کراونەتەوە".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا، عەقیدی پۆلیس ھێمن کەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاندووە: "پرۆسەی قەدغەکردنی ڕاوی ماسی ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ھەندێک لە ھاووڵاتییان بە بێگوێدانە ڕێنماییەکان سەرقاڵی ڕاوکردنن، بۆ ئەو مەبەستە مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی (شارەزوور) لە دەرچوونێکیاندا توانییان دوو کەس دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی ماسی بوون، ھاوکات دەستگیرا بەسەر نۆ قولاپ، 58 دەمە قولاپ، یەک دەستە داو و یەک ماتۆرسکیلدا".
ئاماژەی بەوەش داوە: "لەگەڵ ئەوەی ڕاوچییەکان خۆیان و کەرەستە دەست بەسەرداگیراوەکان بۆ لێپێچینەوە ڕادەستی یاسا کران، ھاوکات مەفرەزەکانمان بەردەوامییان دەبێت لەپێناو پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران".
باسنيوز
