ئەو ڕەوشە خراپەی ئێستا لە کەرکووک هەیە، پیلانێکی مەترسیداری حکوومەتی عێراقە بۆ بەعەرەبکردنەوەی کەرکووک

ئەو ڕەوشە خراپەی ئێستا لە کەرکووک هەیە، پیلانێکی مەترسیداری حکوومەتی عێراقە بۆ بەعەرەبکردنەوەی کەرکووک
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە بە پیلانێکی مەترسیدار حکوومەتی عێراق بۆ بە عەرەبکردنەوەی سنووری کەرکووک کار دەکات و ئەو پیلانانەش حەشدی شەعبی جێبەجێی دەکات.



ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧/٦/٢٠١٨، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق بە پیلانێکی مەترسیدار پرۆسەی بە عەرەبکردنەوەی سنووری پارێزگای کەرکووکی دەست پێکردووە و ئێستاش ئەو پیلانەی بە چڕی لە سنووری شارۆچکەی داقووق و لە گوندە کوردنشینەکان ئەنجام دەدات و ئەوەی کە ئێستا دەچێتە سەر گوندە کوردنشینەکان بە چەکەوە و بە ناوی داعشەوە ئەوانە زۆربەیان ھەر عەرەبەکانی سنووری حەویجە و داقووقن و حکوومەتی عێراق بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی ئەو کردەوەیە دەکەن، چونکە داعش ئەو توانایەی جارانی نەماوە کە بە چەندین جۆری چەک ھێرش بکات، ئەو پیلانەی حکوومەتی عێراق، حەشدی شەعبی جێبەجێ دەکات و ئێستا ئەوان ناوچەکانیان بۆ ئەو تاقمە چەکدارانە چۆڵ کردووە، بۆیە ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دەچنە سەر گوندە کوردنشینەکانی سنووری داقووق".



کەرکووکی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو پیلانە وا دەکات لە ئەنجامدا خەڵک ناچار کراوە شوێن و ماڵی خۆی بەجێ بھێڵێت و لە داھاتووشدا عەرەب دەچنە شوێنەکانیان و پیلانی حکوومەتی عێراق زۆر روونە، چونکە ئەگەر مەبەستی پاراستنی ھاووڵاتییان بێت، خۆ دەبێ ھێز بنێریتە ئەو ناوچانە، بەڵام ئێستا ھێز نانێرێت و ڕێگەش نادەن ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و لەو لاشەوە گرووپی چەکدار پڕ چەک دەکەن و لەدژی گوندنشینانی کورد لە سنووری داقووق و شوێنەکانی تریش ڕێکیان دەخەن".



لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەرکووکیان بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار داگیر کرد و لەو کاتەوە دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە تێک چووە و پرۆسەی بە عەرەبکردنەوەش دەستی پێکردووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دیاردەکانی دزی، ڕفاندن، کوشتن و ھەڵکوتانە سەر ماڵی ھاووڵاتیانی وکرد لە سنووری کەرکووک و چالاکیی چەکدارانی داعش ڕوو لە زیادبوونن.





باسنیوز
Top