سەرحەد قادر: ئەو هێزەی ئێستا لە كەركووكە هێزی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان نییە

 سەرحەد قادر: ئەو هێزەی ئێستا لە كەركووكە هێزی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان نییە


بەڕێوەبەری شەرعیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك ڕای دەگەیەنێت، ئەو هێزەی بە حیساب ئێستا لە كەركووك خەڵك دەپارێزێ، هێزی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان نییە.



لە راگەیاندنراوێكی عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری شەرعی پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك كە ئەمڕۆ سێشەممە 26/6/2018، بڵاو كراوەتەوە و و وێنەیەكیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، تێیدا هاتووە، پێویستە كورد یەك هەڵوێست بێت لەسەر دۆخی كەركووك و ماوەیەكە جموجۆڵی داعش لە سنووری كەركووك، بەتایبەتی لە شارۆچكەكەكانی دەوروبەری كەركووك زیاد بووە و داعش ڕۆژ بە رۆژ لە زیادبوندان لە كاتێكدا هەوڵی دژمنانی كورد هەیە كە ئەم جموجۆڵەی داعش وەك هەلێك بقۆزنەوە بە بەرنامەیەكی داڕێژراو بەكار بهێنرێت بۆ مەرامی سیاسی و تەعریبكردنی گوندە كوردنشینەكان وەك ئەوەی ئێستا روو دەدات لە سنووری شارۆچكەی داقووق كە ئێستا گوندەكانی برا كاكەییەكان و تاڵەبانی و هەرسێ گوندی حەفتەغاری گرتوە و داعش بە ئارەزووی خۆی چالاكی تیادا دەكات خەڵكی سڤیل شەهید دەكەن و دەڕفێنن.



هاوكات لەو ڕاگەیاندراوەی عەمید سەرحەد قادر، ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئێستا بە ڕێككەوتن و بە بەرنامە لەو گوندە كوردنشینانەی سنووری داقووق هێزە عێراقییەكان كشاونەتەوە جگە لەوەش خەڵكی ناوچەكە بە ئاشكرا بۆ بەرگری لە خۆیان و زێدی باب و باپیرانیان ناتوانن چەك هەڵبگرن، هەروەها ئەو گوندانەی دەروبەری كەركووك بە ئەندازەی تەعریبی سەردەمی بەعس ئاسەوار جێ دەهێڵێت و ئەو هێزەی بە حیساب ئێستا لە كەركووك خەڵك دەپارێزێ هێزی هەموو نەتەوە پێكهاتەكان نییە.



بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) پیلانێكی مەترسیداری حەشدی شەعبی هەیە بۆ ئەوەی كوردانی گوندنشینی سنووری شارۆچكەكانی داقووق و دووبز گوندەكانیان چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی عەرەبی تێدا نیشتە جێ بكەن بۆ ئەو مەبەستەش پیلانەكەیان بە شێوەیەكە سەرەتا داعش دەست بگرێت بەسەر گوندە كوردنشینەكان و ئەو كاتە كوردەكان بە تەواوەتی گوندەكان چۆڵ دەكەن و پاشان هێزە عێراقییەكان ڕزگاری بكەنەوە و ئینجا عەرەبی تێدا نیشتەجێ بكەن.



لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی سنووری كەركووكیان داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە تێك چووە.



باسنيوز
Top