پۆلیسی سلێمانی: ژمارەیەک ئافرەت بەناوی سواڵکردنەوە دزی و لەشفرۆشی دەکەن
ئەو ئافرەتانە، ڕۆژانە لە تەنیشتی ترافیک لایتی شەقامەکانی بەپاساوی سواڵکردن، کردەوەکانی (فاڵچێتی، خوێندنەوەی بەخت، فێڵکردن لە خەڵک، دزی و لەشفرۆشی) ئەنجام دەدەن.
جگە لەوەی هەندێک لەوانەی کەوتوونەتە داویانەوە، گوتوویانە کە یەکێک لە ئافرەتەکان چووەتە نێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە و داوای لێی کردووە، ئەگەر بڕە پارەیەکی دیاریکراوی پێ نەدات، ئەوا بە دەستدرێژی تۆمەتبار دەکرێت. هەروەها بەهەر بیانووێک بێت، دەچنە نێو ماڵەکانەوە و تاوانەکانی دزی ئەنجام دەدەن.
لەمبارەیەوە ھێمن حوسێن، یەکێکە لەو کەسانەی لەلایەن ئەو ئافرەتانەوە فێڵی لێ کراوە، ڕايگەیاند: ”تەنھا بۆ ئەوەی بزانم بەختگرتنەوە چییە، یەکێک لەو ئافرەتانە بەختی بۆ گرتمەوە، بەڵام سەرەتا داوای ٢٥ ھەزار دیناری لێ کردم، دواتر گوتی، دەبێ ٥٠ ھەزاری دیکەم بدەیتێ، دوای قسەکردنێکی دووبارە، داوای ١٠٠ ھەزاری دیکەی کردەوە، بەڵام من لێی توڕە بووم و ڕازی نەبووم، بەڵام ئەو سویچی ئۆتامبێلەکەمی لێ کردەوە و گوتی، ئەگەر پارەی دیکەم پێ نەدەیت، هاوار دەکەم و دەڵێم ھەوڵی ڕفاندنم دەدات، یان دەیەوێ سێکسم لەگەڵدا بکات“.
هێمن نەیشاردەوە کە بە مەبەستی ئەوەی ڕووبەڕووی کێشە نەبێتەوە، پارەی دیکەی بە ئافرەتەکە داوە.
لەمبارەیەوە عەمید ئاسۆ تەھا، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: ”ڕۆژانە ھێزەکانمان بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتەوە ئەو ئافرەتانە دەستگیر دەکات، بەڵام دوای چەند سەعاتێک ئەو ئافرەتانە بە کافالەتی ٤٠ ھەزار دینار ئازاد دەکرێن“.
ئاماژەشی بەوە کرد: ”خودی خۆم چوومەتە دادگا، تکای ئەوەم لە دادگا کردووە کە سزای ئەو ئافرەتانە توند بکەن، چونکە ئەوانە سواڵکەری ھەژار نین، بەڵکو لە ژێر پەردەی سواڵ کردنەوە، مەرامی دزی و لەشفرۆشی و کاری خراپەیان ھەیە، بەڵام ھەرچی جارێک ئێمە ئەو ئافرەتانە دەستگیر دەکەین، دادگا ئازادیان دەکات“.
باسنيوز
