یەکەم شەپۆلی گەرمای ھاوین کار دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان

 یەکەم شەپۆلی گەرمای ھاوین کار دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە یەکەم شەپۆلی گەرمای ھاوین، کار دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 26/6/2018، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "یەکەم شەپۆڵی ھاتنی گەرمای ھاوین لە سبەی چوارشەممەوە کار دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان، کە ماوەی نزیکەی چەند رۆژێکە نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمیی ھیندی درێژ بووەتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان، پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە سبەی چوارشەممەوە دەست پێ دەکات".

کەشناسیی ھەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تا ڕۆژی ھەینی لە ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و بۆ سەرووی 45 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کە لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە نێوان (42 تا 45) پلەی سیلیزی دەبێت، ھاوکات رۆژی شەممەی داھاتوو 30/6/2018، پلەی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکات بۆ ژێر 42 پلەی سیلیزی.










باسنيوز
Top