کۆنفرانسی پێداچوونەوەی هاوەڵانە بۆ بەخشینی گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان بەڕێوەچوو
یەکەمین کۆنفرانسى پێداچوونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان، بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 25/6/2018، یەکەمین کۆنفرانسى پێداچوونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان، ئامادەبوونى ئەندامانى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە پسپۆڕان لەهۆڵى هۆتێل دیدەمان لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.
لەم کۆنفراسەدا، د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەم کۆنفرانسەدا، رای گەیاند، کە ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى یەکەمین دەزگاى نیشتمانى تایبەتمەندە بە پشتیوانیکردنى توێژینەوەى زانستى لەهەرێمى کوردستان، کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنى پشتیوانى دارایی و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لەبوارى پسپۆڕى جیادا لەبەر ڕۆشنایى پێداویستییە زانستى، تەکنەلۆجى، ئابوورى، سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى هەرێمى کوردستان و بەکارهێنانى بەرهەمەکانى توێژینەوەى زانستى بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى هەرێمى کوردستان.
وەزیر خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستە روو، کە ئەم کارە دەمێکە خەونى وەزارەت و ئەوانە بووە، کە لەبوارى توێژینەوەى زانستى کاردەکەن و دەیان ساڵە لەگۆڤار و شوێنە جیاکان توێژینەوە ئەنجام دەدەن، دواى ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە کوردستان و دونیا ڕویداوە ڕۆڵى توێژینەوە زیاتر دەردەکەوێت، بازاڕیش کوردستانیش وەک هەموو بازاڕەکانى دونیا توێژینەوەى زانستى ڕۆڵى خۆى بگێڕێت.
bas news-
