زیاتر لە 250 ئەندام و سەركردەی حزبەكانی رۆژئاوا، لە زیندانەكانی پەیەدەدان

زیاتر لە 250 ئەندام و سەركردەی حزبەكانی رۆژئاوا، لە زیندانەكانی پەیەدەدان
بە گوتەی بەرپرسانی رۆژئاوا، رۆژ بە رۆژ ڕەوشی رۆژئاوا زیاتر تێك دەچێت و چۆڵ دەبێت لە كورد و بەعەرەب دەكرێت، ئەوەیش هەموو پەیەدە لێی بەرپرسیارە، لەگەڵ ئەوەی زیندانەكانی پەیەدە هەموو پڕ بوونە لە ئەندام و سەركردەكانی حزبەكانی رۆژئاوا و زیاتر لە 250 ئەندام و سەركردەی حزبەكان لە زیندانەكانی پەیەدەدان.

رەوشی كوردان ئێستا لە رۆژئاوا لە مەترسییەكی گەورەدایە، پەیەدە گوێ بە حزب و لایەنەكانی دیكەی رۆژئاوا نادات و ئەو شتەی لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا نییە، ئەوان ئەوە دەكەن و دژی گەلی خۆیان لە رۆژئاوا دەوەستنەوە، شارە كوردییەكانیش چۆڵ بوونە لە كورد و جمەیان دێت لە عەرەب.

نووری بریمۆ، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی نییە بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا، رەوشی رۆژئاوای كوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر تێك دەچێت، پەیەدە بە شێوەیەكی سەربازی مامەڵە دەكات و هەتا ئێستا هیچ ئاسۆیەكی روون نییە، چونكە ئەوان وەك حزبێكی كوردی هەڵسوكەوت ناكەن، ڕاستە لە راگەیاندنەكانی خۆیانەوە باسی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەن، بەڵام دژی پڕۆژەی نەتەوەیین".

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا، گوتیشی: "پەیەدە خزمەتی دوژمن دەكات، 70 ساڵ رژێمی سووریا كوردی دەگرت، ئێستایش ئەوە 7 ساڵە پەیەدە ئێمە دەگرێت و لەناو دەبات، رەوشی رۆژئاوا خراپ تێك چووە، حەفرین تازە نەما، جەزیرە 75% بووەتە عەرەب و خەڵكی عەرەبی لێ نیشتەجێ كراوە".

لە لایەكی دیكەوە، كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "رەوشی رۆژئاوا بەرەو خراپی دەچێت، جاران عەفرین 95% كورد بوون، ئێستا 30% نەماون، كۆبانی 97% كورد بوون، ئێستا 30% كورد نەماون، لە زۆر شوێنی دیكە كورد كە زۆرینە بوو، ئێستا بووەتە كەمینە، پەیەدە عەفرین و منبج و زۆر شاری دیكەیان فرۆشت، بێگومان بۆ بەرژەوەندیی خۆیشی ئەو كارە دەكات، نەك بۆ گەلەكەی، قەندیل چ فەرمانێك دەربكات ئەوان ئەوە جێبەجێ دەكەن، هیچ شتێكی باشی بۆ كورد نەكردووە و هەموو وڵاتێكی كردە دوژمنی كوردان، پەیەدە هیچ متمانەیەكی لەناو خەڵكی رۆژئاوادا نەماوە، تەنیا بە شەڕ و كوشتن و گرتن لە رۆژئاوادا ماوە".

وەك ئازیزی گوتی: "رۆژانە ئەندامانی ئێمە دەستگیر دەكرێن، یەكێك ئازاد دەكەن، سێیان دەگرن، ئێستا زیاتر لە 250 ئەندامی ئێمە لە زیندانەكانی پەیەدەدان، زیندانەكانی پەیەدە پڕ بوونە لە كورد".

kdp-
Top