قادری حاجی عەلی هەوڵەکانی لە دژی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان چڕ دەکاتەوە
بەپێی زانیارییەکان، قادری حاجی عەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڕان، کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خانەی ڕاپەراندن و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ھەیکەلی ئەو بزووتنەوەیە دەکات و هۆکارەکەشی بۆ ئەو ململانێیە دەگەڕێتەوە کە لە نێوان قادری حاجی عەلی و باڵەکەی لەگەڵ عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەکە هەیەتی.
لەمبارەیەوە عادل عەزیز، پەرلەمانتاری گۆڕان، ڕایگەیاند: ”خانەی ڕاپەڕاندن لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دامەزراوە و تەنیا لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە ھەڵدەوەشێتەوە، بێگومان تەنھا جڤاتی نیشتمانی دەتوانێ ئەو خانەیە ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو خانەیە ھەڵوەشێتەوە، دەبێ کۆنفرانس بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بگیرێت، تاوەکوو جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن لەناو بەرنامە و پڕۆگرامی گۆڕاندا نەمێنێت، بۆیە جگە لە جڤاتی نیشتمانی، ھیچ کەسێکی دیکە ئەو دەسەڵاتەی نییە کە بڕیار لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی خانەی ڕاپەڕاندن بدات“.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەوانەی لەناو خانەی ڕاپەڕاندندا کار دەکەن، کاری باشیان کردووە و ”ڕەنگە لە ھەندێک حاڵەتدا کاری خراپیان کرد بێت“، بەڵام بە گوتەی ئەو، ”خانەی ڕاپەڕاندن تائێستا کارێکی وەھایان نەکردووە کە شایەتی ڕەخنە لێگرتن بێت“.
عادل عەزیز رەتی کردەوە ھیچ کێشەیەک لە نێوان عومەری سەید عەلی، رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان و قادری حاجی عەلیدا هەبێ، ئەوەشی راگەیاند: ”لەم قۆناغەی ئێستادا کە عومەری سەید عەلی ڕێکخەرە یان قادری حاجی عەلی پێگەی ھەیە، ڕەنگە بۆ قۆناغێکی دیکە ئەوان ڕێکخەر نەبن و گەنجێکی دیکە بێتە پێشەوە“.
دەربارەی ئەوەی بۆچی لەناو گۆڕاندا تەنیا ڕەخنە لە عومەری سەید عەلی، رێکخەری بزووتنەوەکە دەگیرێت؟ عادل عەزیز، پەرەلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا: ”لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی ئەرکی قورس بووە، چونکە پۆستی ڕێکخەری گشتی وەرگرتووە، بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێ لە ھەندێک شوێندا ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، بۆیە ئاساییە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا ڕەخنە لە عومەری سەید عەلی بگیرێت“.
باسنیوز
