بەهۆی مەترسییەکی گەورەوە ئاسۆ مامەند داوایەکی بەپەلە لە کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات

 بەهۆی مەترسییەکی گەورەوە ئاسۆ مامەند داوایەکی بەپەلە لە کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئاشکرای دەکات، داعش لەناو شاری کەرکووکدا شانەی نووستووی ھەیە و بەدوای ھەلێکدا دەگەڕێن تا دزە بکەنە ناو شارەکەوە. ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناو کەرکووک، جارێکی دیکە کەرکووک ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە.

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کەرکووک بینراون و بەئاشکرا ھاتوچۆن دەکەن، هاووڵاتییانی ناوچەکەش ڕۆژانە چەکدارانی داعش دەبینن، بۆیە ئەگەر ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەوە نەدۆزرێتەوە، ”ئەگەرێکی زۆر ھەیە جارێکی دیکە کەرکووک ڕووبەڕووی مەترسیی چەکدارانی داعش بێتەوە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”دوێنێ داوام لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە، بەزووترین کات مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوندییان بە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە ھەیە، بەتایبەتی ناوچەی داقووق و کاکەییەکان، بۆ ئەوەی پەیامێک ئاراستەی ئەمریکییەکان بکەن کە حکوومەتی عێراقی ناتوانێ بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک بپارێزێت“.

ئەوەشی خستە ڕوو، داعش لەناوچەی داقووق چەند کوردێکی ڕفاندووە، بەڵام بەرنامەی ئەوەی ھەیە کورد ئەو ناوچەیە چۆڵ بکات، بۆیە ”ئەگەر حکوومەتی عێراقی ئەو ناوچانەی پێ ناپارێزرێت، پێویستە داوا لە ھاوپەیمانان بکرێت ئەو ناوچانە بپارێزێت، یان ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناو کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، تاوەکوو پارێزگاری لەو شوێنانە بکات“.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناو کەرکووک، ”جارێکی دیکە مەترسییەکی گەورە بۆ ئەو شارە درووست دەبێت، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حکوومەتی عێراق ناتوانێ بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بپارێزێت، چونکە لەناوچەی حەویجە و خوارووی کەرکووکەوە حکومەتی عێراق تەنھا شەقامە سەرەکییەکانی بە دەستەوەیە، ئەگینا داعش بەئاشکرا جموجوڵی ھەیە“.

ئاسۆ مەمەند پێیوایە، پێویستە هەرێمی کوردستان فشارەکانی خۆی چڕ بکاتەوە، تاوەکوو ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناو شاری کەرکووک، چونکە ”داعش بەدوای ھەلێکدا دەگەڕێ دزە بکاتە ناو کەرکووک، بێگومان ئێستا لەناو شارەکەدا شانەی نووستوویان ھەیە“.

داواکردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە لەلایەن ئاسۆ مامەند لە کاتێکدایە کە بە گوتەی سەرکردە باڵاکانی یەکێتی، لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خیانەتیان کردووە و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کردووە.










باسنیوز
Top