خورماتوو.. هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی لە هاووڵاتییەكی كورد دەدەن
سەركەوت رەشید، برای ئەو هاووڵاتییە كوردەی كە هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لێیان داوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، براكەم ناوی ئەحمەدە و كاسبكارە لەناو خورماتوو دوێنێ یەكشەممە 24/6/2018، لە كاتی كار و كەسابەتی خۆیدا هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكی كردبێت، لێیان داوە و تا ئەو ئاستەی لووتیان شكاندووە.
گوتیشی: "داوا دەكەین كە ئەگەر یاسا هەبێت، حەقی براكەمان وەربگرێت، چونكە بە بێ هۆ لێی دراوە".
بەپێی زانیارییەكان میلیشیاكان لە شاری خورماتوو زیاتر ئەو هاووڵاتیانەی خورماتوو كە لەسەروبەندی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و پاشان گەڕانەوە بۆ شارەكە دەكەنە ئامانج.
لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، شاری خورماتوویان داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنی شارەكە تێك چووە.
هاوکات دوێنێ یەکشەممە بە فەرمانی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی میلیشیاکان هێرشیان کردووەتەوە سەر بازار و بەتایبەت عەلوەی خورماتوو و داوای باجیان لە کاسبکاران کردووە.
باسنیوز
