ئێران.. گرانبوونی بەهای دۆلار ناڕەزایی لێ کەوتەوە
دوێنێ کاسبکاران و دووکاندارانی بازاری "جمهوری" لە تاران بە داخستنی دووکانەکانی خۆیان دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و بە دروشم لەدژی حکوومەت و ناڕەزایی لە بەرانبەر گرانبوونی بەهای دۆلار خوازیاری کۆنترۆڵی ئابووریی وڵات بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی نیوە فەرمیی (ئیسنا) بەهای یەک دۆلاری ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە لە بازاری تاران بە 8700 تمەن ئاڵووێری پێوە کراوە و هاوکات سەرچاوە نافەرمیەکانیش ئاشکرایان کردووە کە بە 9 هەزار تمەنیش فرۆشراوە کە ئەم ڕەوشە بووەتە هۆی شڵەژان و پشێوی لە بازارەکانی ئێران و خەڵک لە داهاتووی ژیان و گوەزران و کاسبیی خۆیان بێ هیوا بوون و بەهۆی ئەو گرانبوونەوە زێڕ و زیو لە تاران ئاڵوگۆڕی پێوە نەکراوە.
هاوکات دوێنێ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئابووری، وەزیری بازرگانی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان کۆ بووە و ڕاشکاوانە باسی شکستی ئابووریی ئێران کرد و بەرپرسان و بڕیاردەرانی ئابووریش ڕاشکاوانە ڕایان گەیاندووە توانایی کۆنترۆڵی بازاریان نییە.
لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاردا بەهای یۆرۆ لە ئیران گەیشتووەتە 10 هەزار و 600 تمەن و بەهای پۆندیش بە نزیکەی 12 هەزار تمەن فرۆشراوە.
باسنیوز
