جۆزێڤ ڤۆتێڵ: ناوچە جێناكۆكەكان ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای پێویستە
جەنەراڵ جۆزێڤ ڤۆتێڵ، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتی: "پێشمەرگە یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەوان و هێزە عێراقییەکان رۆڵی باڵایان هەبوو لە ئازادکردنی چەندین ناوچە لەدەستی داعش، بەڵام هێشتا داعش چالاکە بۆیە پێویستە ئێمە وەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ پێشمەرگە و حکوومەتی عێراق هاوئاهەنگیمان بەردەوام هەبێت".
گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی عێراق و پێشمەرگە، لە ناوچە جێناکۆکەکان پێکەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی رووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببنەوە، ئەوکات ئێمەش وەك هاوپەیمانان ئەوپەڕی یارمەتییان دەدەین".
پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان نەماوە و ناوە ناوە داعش هێرش دەکاتە سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکاش دەڵێت کار بۆ ئەوە دەکەین پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێکەوە ئارامی ئەو ناوچانە بپارێزن.
جەنەراڵ واڵتەر پیات، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە كوردستان24 گوت: "داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان چالاکە ئێمە هەوڵدەدەین، كە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنیان هەبێت، ئێمەش کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئەوە دروستبکەین تا دوژمنە هاوبەشەکەمان لەناو ببەین"
K24
